تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو ٨ی ڕەشەمە سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی ئیسماعیل محەممەدپوور، خزر قادری‌ئازەر و شەفیع محەممەدنژاد دوای سەردانکردنی نووسینگەی ئیجرای ئەحکامی دادگوستەریی پیرانشار دەستبەسەر کراون و بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ٥ ساڵ بەندکران گوازراونەتەوە بۆ زیندانی نەغەدە.

ئەم سێ هاووڵاتییە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی پیرانشارەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا، هەرکامەو حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

ئیسماعیل محەممەدپوور لە ڕێکەوتی ٥ی سەرماوەزی ١٣٩٩ و خزر قادری‌ئازەر و شەفیع محەممەدنژادیش لە ڕێکەوتی ١٩ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٩دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کران و دوای نزیکەی مانگێک لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.