تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی دووشەممە ٨ی خاکەلێوە (٢٨ی مارس) سێ زیندانیی خەڵکی ورمێ بە ناوەکانی جەعفەر ئیسماعیلی، سەعید ئارمەت و عوسمان سەحرایی دوای ٣٢ ساڵ بەندبوون لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد کران.

ئەم سێ زیندانییە لە ڕێکەوتی ١٤ی پووشپەڕی ١٣٦٨ (٥ی ژولای ١٩٨٩) بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «موانا»ی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ دەستبەسەر کرابوون و حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەر چووبوو.

لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا (١٤ی مارسی ٢٠٢٢) ئەم سێ زیندانییە بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون، بەڵام دوای لێ خۆشبوونی بنەماڵەی کۆژراوەکان سزای لەسێدارەدانیان هەڵوەشایەوە و گەڕێنرانەوە بۆ ناو بەند.