تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە لە یەک حەفتەی ڕابردوودا ٦ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شنۆ لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری و دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا، سزای بەندکرانیان لە ٦ مانگەوە تا ٥ ساڵ بەسەردا سەپاوە.

ئەیووب مووسا، سیامەند خاڕەزم و هاوڕێ خاڕەزم لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی شنۆوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا، بە ڕیز سزای ٥ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیان بۆ دەر چووە. ئەیووب مووسا لە دۆسیەیەکی تریشدا بە تۆمەتی «ڕاگرتنی چەک» سزای ٣ ساڵ بەندکران و ٩ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن غەرامەی بەسەردا سەپاوە.

دادگای ئەم ٣ هاووڵاتییە کوردە لە کۆتاییەکانی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا (مارسی ٢٠٢٢) بەڕێوە چووبوو و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە شێوەی ڕەسمی ئەم حوکمەیان پێ ڕاگەیەنراوە.

حەیدەر عەلیزادە و شێرزاد مامەندییش لە ڕێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەدا (٥ی ئاوریلی ٢٠٢٢) لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی شنۆوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا، بە ڕیز حوکمی ٤ ساڵ و ٢ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

ئەم ٢ هاووڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ٧ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوودا (٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢١) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شنۆ دەستبەسەر کران و دوای نزیکەی مانگێک لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی تری خەڵکی شنۆ بە ناوی واحێد شێخ‌محەممەدی لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا، سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. ناوبراو لە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندانی ١٣٩٩دا (٣٠ی ژانڤییەی ٢٠٢١) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ٤٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.