ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی گوڵان (١٥ی مەی) سێ زیندانی بە ناوەکانی هادی ڕوستەمی، مێهدی شەرەفیان و مێهدی شاهیوەند کە پێشتر بە تۆمەتی «دزی» حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستیان بۆ بڕابوویەوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی «زیندانی تارانی گەورە» کراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە حەفتەی ڕابردوو لە کاتی سەردانکردنی داواکاری گشتیی ورمێدا بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە، هادی ڕوستەمی داوای لێ کردووە چارەنووسی دۆسیەکەی دیاری بکرێت، بەڵام لەبەر سووکایەتیکردنی ئەم بەرپرسە دادوەرییە قسەیان لێک گیراوە و دەمەقاڵە لە نێوانیاندا ڕووی داوە. دوابەدوای ئەم دەمەقاڵەیە و بە فەرمانی داواکاری گشتی، هادی ڕوستەمی گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و دوای چەند ڕۆژ و لە ڕێکەوتی ٢٥ی گوڵاندا (١٥ی مەی) لەگەڵ دوو هاوبەندییەکەی تریدا بە ناوەکانی مێهدی شەرەفیان و مێهدی شاهیوەند بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی «زیندانی تارانی گەورە» کراوە.

دەوترێت بەم زیندانییانە ڕاگەیەنراوە کە لەبەر نەبوونی کەرەستەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی سزای بڕینەوەی پەنجەکانی دەستیان لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا هەرسێکیان دەگوازرێنەوە بۆ تاران. هەروەها دۆسیەی ئەم سێ زیندانییە ڕەوانەی بەردەم لقی ٣ی ئیجرای ئەحکامی تاوانەکانی تاران کراوە و مەترسیی جێبەجێکردنی خێرای حوکمەکانیان لە ئارادایە.
هادی ڕوستەمی پێشتر لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ کۆمیسیۆنی لێبوردن و بەخشینی دەزگای دادوەریی ئێران و هەروەها ڕاپۆرتکاری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، نووسیبووی: «من، زیندانی هادی ڕوستەمی کوڕی ناسر بە ژمارە دۆسیەی ١٠٠٤٠٣ لە دادگای کەیفەریی یەکی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست و چەندین میلیارد غەرامەی ڕادەستکردنەوەی ماڵی دزراوم بەسەردا سەپاوە. لە پێنج ساڵ لەمەوپێشەوە تا ئێستە لە زینداندام و لە ئیدارەی ئاگاهیی چەندین شار و لەوانە ورمێ، ئەردەبیل و بەندەر ئەنزەلی خراومەتە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەییەوە».
ئەم زیندانییە لە درێژەی نامەکەیدا ڕایگەیاندبوو کە لە کۆی ئەو ٢٨ حاڵەتی دزینە کە لە دۆسیەکەیدا ئاماژەی پێ کراوە ئاگای لە ٢٠ حاڵەتیان نییە و دادگایش بەبێ گوێگرتن لە داکۆکییەکانی حوکمی بێبەزەییانەی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی بەسەردا سەپاندووە.
ئەم حوکمە لە لقی ١٣ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی بەردەم لقی ٨ی ئیجرای ئەحکامی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ کراوە.

بە پێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هەنووکە ٦ زیندانی بە ناوەکانی هادی ڕوستەمی ٣٣ ساڵان، مێهدی شەرەفیان ٣٧ ساڵان، مێهدی شاهیوەند ٤٢ ساڵان، شەهاب تەیمووری ٣٥ ساڵان، مێهرداد تەیمووری ٣٩ ساڵان و کەسرا کەرەمی ٤٠ ساڵان، بە تۆمەتی «دزی» مەحکووم کراون بە بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستیان.