تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی جۆزەردان (١٩ی ژوەن) دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەکرەم (محەممەد) ئەدوایی و فەردین ئەدوایی دوای بانگکران بۆ نووسینگەی ئیجرای ئەحکامی دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەریوان دەستبەسەر کراون و بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی بەندکران ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کراون.

فەردین ئەدوایی و ئەکرەم ئەدوایی پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەریوانەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردیدا، بە ڕیز حوکمی ٦ مانگ و یەک ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو. حوکمی ئەکرەم ئەدوایی پاشان لە دادگایی پێداچوونەوە بە ٥ مانگ گۆدرا.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی «سلێن»ی شاری سەوڵاوای پارێزگای کوردستان لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٩ (ژانڤییەی ٢٠٢١) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و دوای زیاتر لە دوو مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە ئازاد کران. ئەم دوو هاووڵاتییە پێش لەوەیش و لە ساڵانی ٩٦ و ٩٧دا (٢٠١٧ و ٢٠١٨) بە تۆمەتێی هاوشێوە بۆ ماوەیەک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون.