تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە زیندانیی سیاسیی کورد شاکر بێهرووز لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا، سەرلەنوێ حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا. ئەم حوکمە ئەمڕۆ شەممە ٤ی پووشپەڕ (٢٥ی ژوەن) بە شێوەی فەرمی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بەم زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەنراوە.

دەرکردنی دووبارەی حوکمی لەسێدارەدان بۆ ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە حاڵێکدایە کە پووشپەڕی ١٤٠٠ (ژوەنی ٢٠٢١) لقی ٣١ی دیوانی باڵای ئێران ئەو حوکمی لەسێدارەدانەی هەڵوەشاندەوە کە پێشتر بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی کۆمەڵەدا لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێوە بەسەریدا سەپابوو، هەر بۆیە بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە دۆسیەکەی هەناردبووە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارە.

ئەم زیندانییە سیاسییە هەروەها لە دۆسیەیەکی تر و لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٩دا (ژانڤییەی ٢٠٢١) به‌ تۆمه‌تی «كوشتنی یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی سپای پاسداران لە لایەن لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی ورمێوە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٠یشدا (سێپتامبری ٢٠٢١) لە لایەن لقی ٣١ی دیوانی باڵای ئێرانەوە کە لە شاری قومە، حوکمەکە وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠٠دا (نۆڤامبری ٢٠٢١) تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاندبوو کە دوابەدوای ئامادەبوون و تۆمارکردنی شایەتنامەی ٧ هاووڵاتیی کورد لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ کە شایەتییان دابوو لە کاتی کوژرانی ئەندامەکەی سپای پاسداراندا شاکر بێهرووز لە شوێنی ڕووداوەکە نەبووە، ئەم دەزگا ئەمنی-سەربازییە هەڕەشە و گوشاری خستووەتە سەر شایەتەکان و هەروەها بنەماڵەی شاکر بێرووز.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوابەدوای تۆمارکردنی شایەتییەکان لە دادگادا، زەخت و گوشاری سەر بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە و شایەتحاڵەکان پەرەی سەندووە: «دەزگای ئیتلاعاتی سپا هەرهەموو ئەندامانی بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییەی بە شێوەی حوزووری و تەلەفۆنی بانگهێشت کردووە و هەڕەشەی لێ کردوون کە بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە بەدوای دۆسیەکەی شاکردا بچن. هەروەها ئەو کەسانەیش کە لە دادگا شایەتییان دابوو لە لایەن ئەم دەزگا ئەمنی-سەربازییەوە بە شێوەی حوزووری و تەلەفۆنی هەڕەشەیان لێ کراوە و داوایان لێ کراوە شایەتییەکەیان لە دادگا وەربگرنەوە».

ئەم زیندانییە سیاسییە لە مانگی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا (ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر گوشارەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداراندا بۆ سەر ئەندامانی بنەماڵەی شکاتکار لە دۆسیەکەیدا بۆ ئەوەی ڕەزایەتی پێ نەدەن، مانی لە خواردن گرت.

شاكر بێهروز، هاووڵاتیی کوردی خه‌ڵكی ورمێیه‌ و‌ پاییزی ١٣٩٧ (٢٠١٨) دوای وه‌رگرتنی «ئه‌ماننامه»‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، خۆی به‌ ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێ ناساند‌ و دوای ١٤ ڕۆژ لێپرسینه‌وه‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێ ئازاد كرا. سێ مانگ دوای ئازادبوونه‌كه‌ی له‌ ڕێكه‌وتی ٢٨ی ڕێبەندانی هه‌مان ساڵدا (١٧ی فێبرییەی ٢٠١٩) بۆ جارێکی‌تر لە لایەن هێزه‌كانی پاراستنی ئیتلاعاتی سپای ورمێوە‌ به‌ تۆمه‌تی «کوشتنی یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی سپای پاسداران» ده‌ستبه‌سه‌ر کرایەوە و ماوه‌ی ساڵێك و ١٨ ڕۆژ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئه‌م دەزگا ئه‌منییه‌دا له‌ پادگانی ئه‌لمه‌هدیی سپا، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ له‌ ژێر لێپرسینه‌وه ‌و ئه‌شكه‌نجەی ڕۆحی و جه‌سته‌یی قورسدا بوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە دوای ٥ مانگ دەستبەسەربوون لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ و لە موحاکەمەیەکی کورتی چەند دەقەییدا، بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سیناریۆیەکی تازی ئەمنیدا، تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە حیزبی کۆمەڵە و «کوشتن»ی ئەندامێکی سپای پاسدارانی ڕووبەڕوو کردەوە. ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ هەرکام لەم دۆسیە و تۆمەتانە بە جیا حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.