کەسێکی نزیک لە شاکر بێهرووز، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «چەند خولەکێک پێش شاکر بێهرووز لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێوە گەڕێنراوەتەوە بۆ بەندی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی و توانیویەتی پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بگرێت».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، شەوی ڕابردوو و دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گواستنەوەی ئەم زیندانییە سیاسییەی مەحکووم بە ئێعدام بۆ شوێنێکی نادیار، بە سەدان کەس لە هاووڵاتییانی کورد چوونەتە گوندی «باوان»ی ورمێ و داوای ڕەزایەتدانیان لە بنەماڵەی کوژراوەکە کردووە. سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ئەو بنەماڵەیە چوونەتە نووسینگەی بەڵگەنامە ڕەسمییەکانی ژمارە ٨٤ی سیلوانای ورمێ و وێڕای وازهێنان لە داواکەیان لە دژی ئەم زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»، ڕەزایەتی تەواو و بێمەرجی خۆیان لە دۆسیەکەدا ڕاگەیاندووە و تۆماریان کردووە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا ئەوەیشی زیاد کرد کە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە ڕەزایەتنامەی نووسراوی خاوەن خوێنەکانیان (بنەماڵەی کوژراوەکە) ڕادەستی دادگای ورمێ کردووە و چاوەڕوان دەکرێت لایەنە تایبەت (خوسووسی)یەکەی دۆسیەی پێوەندیدار بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستەوە یەکسەر دابخرێت.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٩دا (دێسامبری ٢٠٢٠) لە لایەن لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی تایبەت بە تازەلاوانی ورمێوە بە تۆمەتی «کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران» حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٠دا (ئۆکتۆبری ٢٠٢١) ئەم حوکمە لە لقی ٣١ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕ (٢٥ی ژوەن) و لە ناو زیندانی ورمێ، دەرکردنی حوکمی دووبارەی لەسێدارەدان لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا، بەم زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەنرا. پێشتر و لە پووشپەڕی ١٤٠٠دا (ژوەنی ٢٠٢١) لقی ٣١ی دیوانی باڵای ئێران ئەو حوکمی لەسێدارەدانەی هەڵوەشاندەوە کە پێشتر بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی کۆمەڵەدا لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێوە بەسەریدا سەپابوو، هەر بۆیە دۆسیەکەی بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە هەناردبووە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارە.

لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠٠دا (نۆڤامبری ٢٠٢١) تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاندبوو کە دوابەدوای ئامادەبوون و تۆمارکردنی شایەتنامەی ٧ هاووڵاتیی کورد لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ کە شایەتییان دابوو لە کاتی کوژرانی ئەندامەکەی سپای پاسداراندا شاکر بێهرووز لە شوێنی ڕووداوەکە نەبووە، ئەم دەزگا ئەمنی-سەربازییە هەڕەشە و گوشاری خستووەتە سەر شایەتحاڵەکان و هەروەها بنەماڵەی شاکر بێهرووز.

بە وتەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، دوابەدوای تۆمارکردنی شایەتییەکان لە دادگادا، زەخت و گوشاری سەر بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە و شایەتحاڵەکان پەرەی سەندووە: «دەزگای ئیتلاعاتی سپا هەرهەموو ئەندامانی بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییەی بە شێوەی حوزووری و تەلەفۆنی بانگهێشت کردووە و هەڕەشەی لێ کردوون کە بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە بەدوای دۆسیەکەی شاکردا بچن. هەروەها ئەو کەسانەیش کە لە دادگا شایەتییان دابوو لە لایەن ئەم دەزگا ئەمنی-سەربازییەوە بە شێوەی حوزووری و تەلەفۆنی هەڕەشەیان لێ کراوە و داوایان لێ کراوە شایەتییەکەیان لە دادگا وەربگرنەوە».

ئەم زیندانییە سیاسییە لە مانگی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا (ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر گوشارەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداراندا بۆ سەر ئەندامانی بنەماڵەی شکاتکار لە دۆسیەکەیدا بۆ ئەوەی ڕەزایەتی پێ نەدەن، مانی لە خواردن گرت.

شاكر بێهروز، هاووڵاتیی کوردی خه‌ڵكی ورمێیه‌ و‌ پاییزی ١٣٩٧ (٢٠١٨) دوای وه‌رگرتنی «ئه‌ماننامه»‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، خۆی به‌ ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێ ناساند‌ و دوای ١٤ ڕۆژ لێپرسینه‌وه‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێ ئازاد كرا. سێ مانگ دوای ئازادبوونه‌كه‌ی له‌ ڕێكه‌وتی ٢٨ی ڕێبەندانی هه‌مان ساڵدا (١٧ی فێبرییەی ٢٠١٩) بۆ جارێکی‌تر لە لایەن هێزه‌كانی پاراستنی ئیتلاعاتی سپای ورمێوە‌ به‌ تۆمه‌تی «کوشتنی یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی سپای پاسداران» ده‌ستبه‌سه‌ر کرایەوە و ماوه‌ی ساڵێك و ١٨ ڕۆژ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئه‌م دەزگا ئه‌منییه‌دا له‌ پادگانی ئه‌لمه‌هدیی سپا، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ له‌ ژێر لێپرسینه‌وه ‌و ئه‌شكه‌نجەی ڕۆحی و جه‌سته‌یی قورسدا بوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە دوای ٥ مانگ دەستبەسەربوون لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ و لە موحاکەمەیەکی کورتی چەند خولەکیدا، بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سیناریۆیەکی تازی ئەمنیدا، تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە حیزبی کۆمەڵە و «کوشتن»ی ئەندامێکی سپای پاسدارانی ڕووبەڕوو کردەوە.