بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی گەلاوێژ (٢٦ی جولای) زیندانیی سیاسیی کورد خالید فەرەیدوونی دوای ٢٢ ساڵ بەندبوون لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ٢٢هەمین ساڵی بەندبووندا و دوای ڕاگەیاندنی لێبوردنەکەی دەزگای دادوەری، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کراوە.

ناوبراو ماوەی بەندبوونەکەی لە زیندانەکانی مەهاباد، ڕەجایی شار و کەرەج تێپەڕاندووە و لە بەفرانباری ساڵی ڕابردوو (ژانڤییەی ٢٠٢٢) و لە ٢١ـەمین ساڵی بەندبووندا بۆ یەکەم جار مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ درابوو.

خالید فەرەیدوونی، خەڵکی پیرانشار، لە ڕێکەوتی ١٠ی خەرمانانی ١٣٧٩ (٣١ی ئاگۆستی ٢٠٠٠) لەگەڵ عومەر فەقێپوور، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لە گوندێکی پیرانشار لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران و لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا. ئەم حوکمانە ساڵی ١٣٨٤ (٢٠٠٥) لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە پلەیەک دابەزاندنەوە گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.

ئەم دوو زیندانییە سیاسییە ساڵی ١٣٨٣ (٢٠٠٤) دوور خرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ و ساڵی ١٣٨٦یش (٢٠٠٦) بۆ ماوەی نزیک بە ١٠ ساڵ برانە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج. ئەم دوو زیندانییە سیاسییە دواجار ساڵی ١٣٩٣ (٢٠١٤) سەرلەنوێ گوازرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.

عومەر فەقێپوور، هاودۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە، خاکەلێوەی ١٤٠٠ (٢٠٢١) دوای ڕاگەیاندنی لێبوردن لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.