بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ١٥ی خەرمانان (٦ی سێپتامبر) لیژنەیەکی دادوەری بە سەرۆکایەتیی ناسر عەتەباتی، سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، بە یاوەریی مەجیدی، داواکاری گشتیی ورمێ، سەردانی زیندانی ناوەندیی ورمێیان کرد. لەم سەردانەدا هادی ڕوستەمی، زیندانیی مەحکووم بە بڕینەوەی پەنجەکانی دەست، داوای لێ کردن چارەنووسی دۆسیەکەی دیاری بکرێت.

سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە وەڵامی داواکاریی ناوبراودا ڕایگەیاندووە کە ناهێڵێت ئەم بەندکراوە هاوشێوەی زیندانی تارانی گەورە لە زیندانی ورمێیش ئاژاوە بنێتەوە و هەڕەشەی لێ کردووە ئەگەر ڕەزایەتی شکاتکارەکانی وەرنەگرێت، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی ڕەوانەی تارانی دەکات.

هادی ڕوستەمی لەگەڵ دوو هاوبەندییەکەی تریدا بە ناوەکانی مێهدی شەرەفیان و مێهدی شاهیوەند لە ڕێکەوتی ٢٥ی گوڵاندا (١٥ی مەی) بە هۆکاری نادیار لە زیندانی ورمێوە ڕەوانەی زیندانی تارانی گەورە کران. ئەم بەندکراوە لە ڕێکەوتی ٢٢ی جۆزەرداندا (١٢ی ژوەن) دوای ئەوەی کەوتە بەر لێدانی هێزەکانی زیندانی تارانی گەورەوە، ڕەوانەی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کرا و لە سەرەتای پووشپەڕدا (کۆتایی ژوەن) سەرلەنوێ گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ورمێ.

دوابەدوای گواستنەوەی ئەم ٣ زیندانییە و بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لەسەر جێبەجێکردنی حوکمی بڕینەوەی پەنجەکانی زیندانییەک لە زیندانی تارانی گەورە لە ناوەڕاستی جۆزەرداندا (سەرەتای ژوەن)، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و ناوەندی عەبدوڕەحمان بروومەند بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک باسیان لە مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی ٨ بەندکراو کرد.

هادی ڕوستەمی ٣٥ ساڵان، باوکی منداڵێک و خەڵکی ئیلام لە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٦ (٢٥ی ئاگۆستی ٢٠١٧) لە شاری ورمێ لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی مێهدی شاهیوەند و مێهدی شەرەفیان دەستبەسەر کرا.

هادی ڕوستەمی پێشتر لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ کۆمیسیۆنی لێبوردن و بەخشینی دەزگای دادوەریی ئێران و هەروەها ڕاپۆرتکاری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران کە نوسخەیەکیشی نێردرابوو بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نووسیبووی: «من، زیندانی هادی ڕوستەمی کوڕی ناسر بە ژمارە دۆسیەی ١٠٠٤٠٣ لە دادگای کەیفەریی یەکی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست و چەندین میلیارد غەرامەی ڕادەستکردنەوەی ماڵی دزراوم بەسەردا سەپاوە. لە پێنج ساڵ لەمەوپێشەوە تا ئێستە لە زینداندام و لە ئیدارەی ئاگاهیی چەندین شار و لەوانە ورمێ، ئەردەبیل و بەندەر ئەنزەلی خراومەتە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەییەوە».
ئەم زیندانییە لە درێژەی نامەکەیدا ڕایگەیاندبوو کە لە کۆی ئەو ٢٨ حاڵەتی دزینە کە لە دۆسیەکەیدا ئاماژەی پێ کراوە ئاگای لە ٢٠ حاڵەتیان نییە و دادگایش بەبێ گوێگرتن لە داکۆکییەکانی حوکمی بێبەزەییانەی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی بەسەردا سەپاندووە.
ئەم حوکمە لە لقی ١٣ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی بەردەم لقی ٨ی ئیجرای ئەحکامی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ کراوە.