تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی بەفرانبار (٤ی ژانڤییە) حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەک بە ناوی ڕەسوول محەممەدی لە زیندانی ناوەندیی کەرەجدا جێبەجێ کراوە.

ڕەسوول محەممەدی ٣٤ ساڵان، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی نوورئاوای لوڕستان، نزیکەی چوار ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.

هەروەها چەند کاتژمێرێک لەمەوپێش ٥ زیندانیی مەحکووم بە ئێعدام بە ناوەکانی ڕوستەم عەباسزادە خەڵکی سەلماس، حامید وەفایی خەڵکی تاران، مێهدی عەسکەری خەڵکی تاران، عەبدولحسەین ئیمامی خەڵکی کووهدەشت و سەیدجەلال حسەینی کە هەموویان پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراون.

دەوترێت حوکمی ئەم زیندانییانە بەرەبەیانی پێنجشەممە ١٥ی بەفرانبار (٥ی ژانڤییە)، واتە چەند کاتژمێرێکی تر، جێبەجێ دەکرێت.