به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، دوو منداڵی خەڵکی گوندی «سلێن»ی هەورامانی پارێزگای کوردستان بە ناوەکانی هێمن و کەیۆمەرس ئەدوایی کە ٢٧ی پووشپەڕ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، ڕۆژی ڕابردوو ٢٣ی گەلاوێژ بە دانانی بارمتەی ٥٠ و ٣٠٠ میلیۆن تمەنی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە ئازاد کران.
ڕۆژی ٢٧ی پووشپەڕ ئەم دوو منداڵە قوتابییە ١٦ و ١٧ ساڵەیە دوای بانگهێشتکردن بۆ ئیتلاعاتی سپای شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا، دەستبەسەر کراون و گواستراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان ڕایگەیاندووە کە ئەم دوو منداڵەی بە تۆمەتی «هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکان» دەستگیر کردووە.

گوندی سلێن لە ناوچەی هەورامانی سەر بە شاری سەوڵاوا هەڵکەوتووە و هەموو ساڵ ئیدارەی ئیتلاعات و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا بە بیانووی ئەوەی هێزەکانی سەر بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکان لەو ناوچە شاخاوییەدان، خەڵکی ئەو گوندە دەخەنە ژێر زەخت و گوشارەوە. لەم ساڵانەی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٠ کەسی دانیشتووی ئەو گوندە هەر بەم بیانووەوە بانگهێشت، لێپرسینەوە و دەستبەسەر کراون.