تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی گەلاوێژ (٩ی ئاگۆست) فەرهاد نەوایی، خوێندەڤانی شازدە ساڵانی خەڵکی گوندی «ترشکان»ی شاری مەهاباد کە هێزە ئەمنییەکان لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارە لە گەڵاڕێزانی ساڵی ڕابردوودا (نۆڤامبری ٢٠٢٢) دەستبەسەریان کردبوو و دواتر سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، دوای نزیکەی ٩ مانگ بەندکران لە کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی ورمێ ئازاد کرا.

ماوەیەک لەمەوپێش دادگای کەیفەریی یەکی تایبەت بە مێرمنداڵانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە مەهاباد، دوای دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە تۆمەتی «موحارەبە»ی لەسەر لابرد، بەڵام بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران» سزای ٢ ساڵ بەندکرانی لە کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتدا بە حسێبکردنی ماوەی دەستبەسەربوونەوە بەسەردا سەپاند. 

پووشپەڕی ئەمساڵ (جولای) هەواڵنێریی میزان، هەواڵنێریی فەرمیی دەزگای دادوەریی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک سەبارەت بە سەپاندنی ئەم حوکمە بەسەر فەرهاد نەواییدا، نووسیبووی: «لقی لێپرسینەوەی مەهاباد دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی سەر ئەم تۆمەتبارە، بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران» و «موحارەبە» لە ڕێگای چەتەیی و تێکدانی ئاسایشی خەڵک و داخستنی ڕێگاکان بە شێوەی چەکداری، بڕیاری دادگاییکردنی بۆ دەرکرد و دوای ڕەزامەندیی داواکاری گشتی و بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی، دۆسیەکە ڕادەستی بەردەم دادگای کەیفەریی یەکی تایبەت بە مێرمنداڵانی پارێزگا لە مەهەباد کرا».

ئەم ماڵپەڕە فەرمییەی دەزگای دادوەری سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی ئەم خوێندەڤانە ١٦ ساڵەیە نووسیبووی: «ڕۆژی ٢٧ی گەڵاڕێزانی ساڵی ڕابردوو (١٦ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) پۆلیسی مەهاباد گومان لە دوو مێرمنداڵی مۆتۆرسوار دەکەن و دوای پشکنینی مۆبایلەکانیان گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەدۆزنەوە کە نیشان دەدات ئەم مێرمنداڵانە بە سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبیل ڕێگای مەهاباد بۆ میاندواویان داخستووە و بە قەمەیەکەوە خۆیان نواندووە و لە ڕێگای تۆمارکردنی ئەم دیمەنانەوە ویستوویانە پاڵ بە هاوڕێکانیانەوە بنێن لە ئاژاوەکاندا بەشداری بکەن، هەر بۆیە بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە بابەتەکە، دۆسیەکە ڕادەستی بەردەم لقی لێپرسینەوەی دادسەرای مەهاباد کرابوو».

فەرهاد نەوایی لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا دەرکردنی حوکمەکە لە مافی دیاریکردنی پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆی بێبەش کرابوو.

کاناڵی شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران پێشتر لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئەم خوێندەڤانە لە قۆناغی دەستبەسەربوون و لەژێر گوشاردا ناچار کراوە ددان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.