سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە شاری مەهاباد ئاگاداریان کردینەوە کە لە نزیک گوندی «چوارگا» ئوتومبیلێکی جیپ کەوتۆتە بەر تەقەی هێزە ئەمنییەکان و چوار کەسی تێدا کوژراوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستمان گەشتووە، دەمەوئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانان، هێزە تایبەتەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، لە جادەی مەهاباد بۆ سەردەشت بە چەکی ئارپی‌جی هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبیلێک و تەقاندیانەوە. دەوترێت خاوەنی ئەم ئۆتۆمبیلە هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی «بەرەجۆ»ی سەر بە ناوچەی خەلیفانی مەهابادە و ناوی خزر بایەزیدییە. تا ئێستا ناسنامەی ئەو سێ کەسەکەی‌تر ئاشکرا نەبووە.
ڕۆژی چوارشەممە و پاش تێپەڕینی حەفتەیەک بەسەر ڕووداوەکەدا و نەبوونی هیچ هەواڵێک، بنەماڵەی خزر بایەزیدی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتیان کردووە و لەوێ ئاگادار کراونەتەوە کە بە هۆی سووتانی زۆر قووڵی تەرمەکانەوە، ئیمکانی ناسینەوەیان نییە.

دەوترێت حەفتەی ڕابردوو ئەم ناوچەیە کەوتبووە بۆسەی هێزەکانی سپای پاسدارانەوە و هەرجۆرە هاتوچۆکردنێکی ناوچەکە قەدەغە کرابوو.