سومەییە ئەختەرشومار، مامۆستای کوردی ٣٦ ساڵانی خەڵکی مەریوان بە پێشینەی ١٧ ساڵ کارکردنەوە لە کەرتی پەروەردە و فێرکاریدا، بەپێی بڕیارێکی لیژنەی یەکەمی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئیدارییەکانی فەرمانبەرانی پارێزگای کوردستان، لە کار دەر کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بڕیاری دەرکردنی ئەم مامۆستایەی زمانی ئینگلیزی لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢دا (١٧ی مارسی ٢٠٢٤) لە لایەن لیژنەی یەکەمی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئیدارییەکانی فەرمانبەرانی پارێزگای کوردستانەوە دەر کراوە و بەم دواییانە بە شێوەی فەرمی بە خۆی ڕاگەیەنراوە.

سومەییە ئەختەرشومار تۆمەتبار کراوە بە «لایەنگریکردن و پاڵپشتیکردن لە گرووپە دژبەرەکان»، «بڵاوکردنەوەی بابەتی سووکایەتیئامێز و هەواڵی درۆ دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران»، «ئەندامبوونی چالاکانە لە کاناڵە نایاساییەکانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایاندا»، «داڕشتنی پرسیاری تاقیکردنەوە ناوخۆییەکان بە ئاڕاستی پاڵپشتیکردندا لە ئاژاوەگێڕەکان» و «پاڵپشتیکردن لە گرووپە دژبەرەکانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا».