لەسەر چارەنووسی چوار هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد بە ناوەکانی هێمن ئاتەشبەر، شوعەیب فەللاحی، مێهدی وەلیزادە و مەسعوود ئەحمەدی کە لە دوو حەفتەی ڕابردوودا لە شارەکانی بۆکان و مەریوان دەستبەسەر کراون، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٨ی جۆزەردان (٢٨ی مەی) شوعەیب فەللاحی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «دەرەتفێ»ی مەریوان، دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە.

هەروەها دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی مێهدی وەلیزادە و مەسعوود ئەحمەدی لە ڕۆژانی ٢٩ و ٣٠ی گوڵاندا (١٨ و ١٩ی مەی) بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کراون.

هەروەها هێمن ئاتەشبەر، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «چواردیوار»ی بۆکان لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگیران و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.