بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی ڕەشەمە (٢١ی فێبرییە) کۆبوونەوەی دادگاییکردنی شەعبان محەممەدی، ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا، لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-مەریوان، کە بڕیاربوو لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاراندا بەڕێوە بچێت، بە هۆی گۆڕدرانی دادگاکەوە دوا خرا بۆ کاتێکی تر.

دەوترێت پێشتر دۆسیەی دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی فەرەنسی بە ناوەکانی سیسیل کۆلێر و ژاک پێری ڕادەستی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی کراوە و لەبەر ئەوەی کە دۆسیەی ئەم کەسانە گرێدراوی یەکترە، هەر بۆیە وا بڕیارە هەر پێنج کەسەکەیان لە لقی ١٥دا دادگایی بکرێن.

سیسیل کۆلێر، ئەندامی فیدراسیۆنی پەروەردە و کولتووری سەندیکای کاری فەرەنسا و هاوسەرەکەی، ژاک پێری، کە گوڵانی ئەمساڵ (مەیی ٢٠٢٢) بە ڤیزەی گەشتیاری سەفەری ئێرانیان کردبوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کران.

شەعبان محەممەدی، ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا لە ڕێکەوتی ١١ی گوڵاندا (١ی مەی) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەریوان دەستبەسەر کران. شەعبان محەممەدی دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرا بەڵام ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە سنە کران.

مەسعوود نیکخا لە ڕێکەوتی ٢١ی گوڵاندا (١١ی مەی) بە دانانی کەفالەت لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا، بەڵام ڕۆژی دواتر سەرلەنوێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە. شەعبان محەمەدییش بۆ دووهەم جار لە ڕێکەوتی ٢١ی گوڵاندا (١١ی مەی) دیسانەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەریوان دەستبەسەر کرایەوە.

ئەم سێ چالاکە پیشەییەی مامۆستایان دوای ماوەیەک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە ڕەوانەی بەندێکی ئەمنیی زیندانی ئێڤینی تاران کران و لە کۆتایی مانگی گەلاوێژدا (ئاگۆستی ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئێڤینی تاران ئازاد کران.