بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نگار داوودی، خوێندکاری بەشی نەرمئامێری کۆمپیتەر لە زانکۆی ئیلام، لە لایەن شۆرای چاودێریی ئەو زانکۆیەوە سزای سێ تێرم هەڵواسرانی خوێندنی بەسەردا سەپاوە کە ئەو سێ تێرمەشی لەسەر ماوەی خوێندنەکە بۆ حسێب دەکرێت.

ئەم خوێندکارە کوردە پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزدا (١٩ی دێسامبری ٢٠٢٢) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلامەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەجەب محەممەدی بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران» سزای دوو ساڵ بەندکران، دوو ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران، ساڵێک کاری خۆڕایی بۆ ئیدارەی «بهزیستی» و ٢٠٠ کاتژمێر بەشداریکردن لە خولی فێرکاری و تەفسیری قورئانی بەسەردا سەپابوو.

هاوکات لە دۆسیەیەکی تردا بە تۆمەتی«تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی» لە لایەن لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەریی دووی ئیلامەوە سزای سێ مانگ بەندکران و ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپابوو کە لەبەر ئەوەی پێشینەی تاوانی نەبوو، سزاکە گۆڕدرا بۆ ٢٤٠ میلیۆن ڕیاڵ غەرامە بۆ سندووقی دەوڵەت. ئەم حوکمەیش دوای تانەلێدانی پارێزەرەکەی ڕەوانەی بەردەم دادگای پیاچوونەوە کراوە.

لە سەرەتای ڕەشەمەدا (کۆتایی فێبرییە) سزای دوو ساڵ بەندکران و سەرجەم سزا سەپێنراوە تەواوکەرەکانی تری ئەم خوێندکارە کوردە کە پێشتر لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەدا دەر کرابوو، لە لایەن لقی ٦ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئیلامەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

موستەفا ئەحمەدیان، پارێزەری نگار داوودی، دوای پەسەندکردنی حوکمی پارێزوانەکەی لە دادگای پیاچوونەوەدا بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتبوو: «سەرەڕای ئەوەی لە داواکاریی تێهەڵچوونەوەدا بە چڕوپڕی و بە وردی کەموکورتییە فۆرمی و ناوەرۆکییەکان و پێشێلکردنی فراوانی بنەماکانی دادگاییکردنی کەیفەری دەستنیشان کرابوو، بەڵام بە داخەوە دادگای پیاچوونەوە بەبێ سەرنجدان بەو خاڵانە سزا سەپێنراوەکەی دادگای شۆڕشی وەک خۆی پەسەند کردووەتەوە».

ئەم پارێزەرە یاساییە هەروەها سەبارەت بە سزا تەواوکەر و زیادەکانی تری ناو ئەم حوکمە وتبووی: «سەپاندنی چەندین سزای تەواوکەر لەم دۆسیەیەدا مایەی ڕەخنەی جیدی و قووڵە. پێوسیتە لە دەرکردنی ئەم جۆرە سزایانەدا مافەکانی تۆمەتبار و هەروەها پرەنسیبی گونجاوبوون ڕەچاو بکرێت، هەم لە دۆسیەکەی دادگای شۆڕشی ئیسلامی و هەم لەوەی دادگای کەیفەریدا دوو سزای تەواوکەری قورس بۆ پارێزوانەکەم دیاری کراوە کە ئەمە لە خۆیدا بە واتای سەپاندنی سزای زیادە و چەندقاتە».

موستەفا ئەحمەدیان لە کۆتاییدا زیادی کردبوو: «ئەگەرچی هەر ئێستە پارێزوانەکەم دەتوانێت بەپێی ڕاگەیەندراوی لێخۆشبوون و لێبوردن و بە پێشکەشکردنی بەڵێننامەی نووسراو بکەوێتە بەر لێخۆشبوونەوە، بەڵام ناچارکردنی ئەو بە بەڵێندان پێچەوانەی فەلسەفەی لێخۆشبوون و لێبوردنە و دەبێتە هۆی پێشێلکردنی کەسایەتی و کەرامەتی مرۆڤ».

نگار داوودی لە ڕێکەوتی ٢٤ی گەڵاڕێزان (١٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی سەرانسەری و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیان لە ئیلام دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ناوبراو دوای ٧ ڕۆژ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدران بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ، گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ئیلام و لە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزدا (١٨ی دێسامبری ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و کەفالەت بە شێوەی کاتی و تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردن لە زیندان ئازاد کرا.