بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خاکەلێوە (٢٦ی مارس) کۆمەڵێک لە مامۆستایانی سەقز دژ بە بەردەوامێتیی دەستبەسەربوونی سلێمان عەبدی، لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-سەقز، لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی ئەم شارەدا کۆ بوونەوە. ئەم مامۆستایانە بە هەڵدانی پلاکارد و وتنەوەی دروشمی پشتیوانیکردن لە سلێمان عەبدی، داوای ئازادکردنی ئەم مامۆستایانە کرد.

لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا (١٩ی مارس) سلێمان عەبدی، لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-سەقز، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.

ئەم چالاکە پیشەییە تا ئێستە لە مافی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.