لەسەر زەخت و گوشاری بەشی پاراستنی گشتیی پەروەردە و فێرکاریی پارێزگای کوردستان، شۆرای چاودێریکردنی قوتابخانە و ناوەندە نادەوڵەتییەکانی ئەم پارێزگایە مۆڵەتی دامەزراندنی قوتابخانەی سەرەتایی و پێش‌سەرەتایی نادەوڵەتیی کچانەی وەرزشی ئارتینای هەڵوەشاندووەتەوە و بڕیاری داخستنی هەمیشەیی بۆ ئەم قوتابخانەیە دەر کردووە. لە چەند مانگی ڕابردوودا بەرپرس و فەرمانبەرانی ئەم قوتابخانەیە لەبەر بڵاوکردنەوەی ستۆریی پشتیوانیکردن لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، کەوتبوونە ژێر زەخت و گوشارەوە.

سپێدە سەفاریان، دامەزرێنەری قوتابخانەی سەرەتایی و پێش‌سەرەتایی وەرزشی ئارتینا بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامی ئەم قوتابخانەیەدا، هەواڵی داخستنی قوتابخانەکەی بڵاو کردووەتەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو (سێپتامبر و ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) گوشارەکان لەسەر بەرپرس و فەرمانبەرانی ئەم قوتابخانە سەرەتاییە لە لایەن بەشی پاراستنی گشتیی پەروەردە و فێرکاریی پارێزگای کوردستانەوە لەبەر بڵاوکردنەوەی ستۆریی پشتیوانیکردن لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە لاپەڕەی ئینستاگرامی ئەم قوتابخانەیەدا پەرەی سەند و دوابەدوای ئەم گوشارانە کە هاوکات بوو لەگەڵ بانگهێشتکردنی بەرپرسی قوتابخانەکەدا بۆ نووسینگەی پاراستنی گشتی، لە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا (۴ی مارسی ٢٠٢٣) شۆرای چاودێریکردنی قوتابخانە و ناوەندە نادەوڵەتییەکانی ئەم پارێزگایە، مۆڵەتی دامەزراندنی قوتابخانەی سەرەتایی و پێش‌سەرەتایی نادەوڵەتیی کچانەی وەرزشی ئارتینای هەڵوەشاندەوە و بڕیاری داخستنی هەمیشەیی بۆ ئەم قوتابخانەیە دەر کرد.

دوای تانەدانی سپێدە سەفاریان، دامەزرێنەری ئەم خوێندنگایە لەو بڕیارە، لە ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ئەمساڵدا (١٧ی جولای ٢٠٢٣) بڕیارەکە لە لایەن ڕێکخراوەی قوتابخانە و ناوەندە نادەوڵەتییەکان و گەشەپێدانی بەشدارییە گشتییەکانی وەزارەتی پەروەردە و فێرکارییەوە وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە.

دەوترێت لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سنەدا هێزەکانی پاراستن و هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان چەندین جار چوونەتە سەر قوتابخانەکە و هەوڵیان داوە دەست بەسەر فایلی کامێرا چاودێرییەکانیدا بگرن، بەڵام بەرپرسی قوتابخانەکە ئامادە نەبووە ئەم داواکارییەیان جێبەجێ بکات.

سپێدە سەفاریان سەبارەت بە دامەزراندنی ئەم قوتابخانەیە نووسیویەتی: «ئەم قوتابخانەیە ساڵی ١٣٨٩ (٢٠١٠) لە لایەن خانمی سپێدە سەفارییانەوە، ماستەری خەسارناسیی وەرزش و جووڵە چاکسازییەکان، لە شاری سنە دامەزرا. بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم قوتابخانە سەرەتاییە دوای ئەنجامدانی توێژینەوەیەک لە لایەن دامەزرێنەر و هاوکارانیەوە لە نێو ١٥٠٠ خوێندەڤانی کچی شاری سنەدا و بینینی دەرئەنجامە نیگەرانکەرەکانی ئەم توێژینەوەیە، لای دامەزرێنەر گەڵاڵە بوو و ئامانج لەم کارە بریتی بوو لە پێشگیریکردن لە دێفۆرمیتییەکانی پێکهاتەی باڵا و جەستەی کچان لە رێگای ئەنجامدانی جووڵەی وەرزشییەوە کە هۆکاری ئەو کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ هەژاریی جووڵە (جووڵەی کەمتری کچان بە بەراورد لەگەڵ کوڕاندا)، هەژاریی کولتووری (کۆمەڵگای پیاوسالار و سنوورداربوونی چالاکیی جووڵەی کچان)، جۆری جلوبەرگ (جلوبەرگی ئیجباری کە ڕێگرە لە بەردەم دەرکەوتنی کێشەی ئێسکەپەیکەری کچاندا) و ناهۆشیاریی باوک و دایکان و بەرپرسانی قوتابخانە (نەبوونی زانیاریی پسپۆڕانە سەبارەت بە کێشەکانی پێکهاتەی باڵا و جەستەی کچان)».