لە چەند رۆژی ڕابردوودا و لە درێژەی شەپۆڵی نوێی دەستبەسەری چالاکوانانی کورد لە مەریوان، “پەروین ئەدوایی” چالاکوانی مەدەنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵی خۆی دەستبەسەر کرا.

سەرچاوەیێکی ئاگادار لە شاری مەریوان سەرەڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی وت: “رۆژی شەممە، ڕێکەوتی ۵ی گەلاوێژ، 27/7/2019، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە جلوبەرگی مەدەنی هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی پەروین ئەدوایی لە شاری مەریوان و لەگەڵ پشکنینی ماڵەکەی، ئەویان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان بردووە.

پەروین ئەدوایی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە بواری مافی ژنان، مافی منداڵان و پاراستنی ژینگە لە شاری مەریوان چالاک بووە. ناوبراو هەروەها لە جەرگەی بەدواداچوونی دۆسیەیەکی ئازاری جنسی منداڵێک لە ئاوایی “سەلێن”ی هەورامان دەورێی بەرچاوی هەبوو.

لەو چەند حەفتەی دواییەدا، لانیکەم ٨ کەس لە شاری مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. چوار كه‌سیان هاوڵاتی ئاسایی و سێ كه‌سیش چالاكوانی مه‌ده‌نی و ژینگه‌پارێزن.