تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە دەمەوبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردان (٢٠ی ژوەن) سوعدا خەدیرزادە لە حاڵێکدا کە دوو حەفتە لە وادەی دیاریکراو بۆ بەدونیاهێنانی کۆرپەکەی تێپەڕیبوو، لەبەر ئێشی قورس لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێوە براوەتە ناوەندێکی پزیشکیی ئەم شارە و نەشتەرگەریی سزارییەنی بۆ کراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە کە لە ٨ مانگ لەمەوپێشەوە دەستبەسەر کراوە، بە هۆی دژایەتیکردنی ئیدارەی ئیتلاعات و بەرپرسانی زیندانەوە، بە درێژایی ماوەی دووگیانبوونەکەی لە دۆخی دژوار و ناتەندروستی بەندی ژنانی زیندانی ورمێدا بووە و لە چاودێری و خزمەتگوزاریی پسپۆڕانەی پزیشکی بێبەش کرابوو. هەروەها بنەماڵەکەی لە ڕۆژی ڕابردووەوە لەبەر ئەوەی نەیاندەزانی خانمی خەدیرزادە و کۆرپەکەی لە کامە ناوەندی پزیشکیدان، نەیانتوانیوە دیداریان لەگەڵدا بکەن.

سوعدا خەدیرزادە لە مانگی گوڵان (مەی)ی ئەمساڵدا بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست دۆخی نادیاری خۆیدا لە زیندانی ورمێ بۆ ماوەی ١١ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو. ناوبراو لەسەر بەڵێنی بەرپرسانی زیندان بۆ ئازادکردنی کاتیی بە دانانی بارمتە کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو بەڵام تا ئێستا دادگای مەهاباد بە هۆکاری نادیار ئامادە نەبووە بە شێوەی کاتی ئازادی بکات. ناوبراو لە ماوەی دووگیانبووندا هاوکات نەخۆشیی گورچیلە، دڵ و دیسکی کەمەر (فەقەرات)یشی هەیە و بە درێژایی ئەم ماوەیە لە چاودێری و خزمەتگوزاریی پسپۆڕانەی پزیشکی بێبەش کراوە.

سوعدا خەدیرزادە ڕۆژی پێنجشەممە‌ ٢٢ی ڕه‌زبه‌ری ١٤٠٠ (١٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری پیرانشار دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری ورمێ. ناوبراو دوای ١٢ ڕۆژ لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا و هەنووکە لە بەندی ژنانی ئەم زیندانەدایە.

ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە سوعدا خەدیرزادە لە ساتی دەستبەسەربوونەوە هیچ کات مۆڵەتی دیاریکردنی پارێزەری پێ نەدراوە. دەستبەسەرکردنی ناوبراو پێچەوانەی پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیە و بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان بە سەرەڕۆیانە لە قەڵەم دەدرێت، چونکوو بەبێ ئاگاداربوون لە هۆکارەکانی دەستبەسەربوون بۆ ماوەیەکی درێژ لە حاڵەتی دەستبەسەربوونی کاتیدا ماوەتەوە و لە مافی دیاریکردنی پارێزەریش بێبەش کراوە.

بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ ٤ ژووری سەربەخۆی ٣٦ تەختیی هەیە کە ئێستاکە لە هەر ژوورێکدا لانیکەم ٤٠ زیندانی دەژین. بە هۆی جێبەجێکردنی کۆمەڵێک ڕێکاری تازەوە زیندانییانی ژن نزیکەی ٢٢ کاتژمێری ڕۆژ لەم ژوورە بچووکانەدا دەمێننەوە کە ژمارەیەکی زۆری زیندانییان تێدایە و کەرەستەی هەواگۆڕینیشیان نییە.