بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ی خەرمانان (٦ی سێپتامبر) کۆمەڵێک لە ژنانی مەریوانی بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست نەبوونی ئاسایشدا بۆ ژنان، لە بەردەم بینای دادگوستەریی ئەم شارەدا کۆ بوونەوە.

بەشداربووان هەندێ پلاکاردیان سەبارەت بە پەرەسەندنی توندوتیژیی دژ بە ژنان بەرز کردەوە و داوای دابینکردنی ئاسایشیان بۆ ژنان کرد.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پیاوێک کە لە تەنیابوونی ژنێک لە دراوسێیەتیی خۆیدا ئاگادار بوو، چووبووە ناو ماڵەکەی و ویستبووی دەستدرێژی بکاتە سەری، بەڵام ژنەکە لە پەنجەرەی نهۆمی دووهەمەوە خۆی فڕێ دابووە خوارەوە و دەوترێت دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.

زاهید کەریمی، داواکاری گشتیی مەریوان، وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاندووە: «دەرکەوتووە کەسێک بە ناسنامەی گ.ق کە لە لات و خوێڕییەکانی شاری مەریوانە، هەوڵی دەستدرێژیکردنە سەر هاووڵاتییەکی مەریوانیی داوە کە بە داخەوە ئەو خانمە لە نهۆمی دووی بیناکەوە داکەوتۆتە خوارەوە و ئێستە لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری و دەرمانی پزیشکیدایە».

داواکاری گشتیی مەریوان هەروەها هەواڵی ئازادبوونی کەسە دەستبەسەرکراوەکەی بە درۆ خستۆتەوە و وتوویەتی ژنەکە ئێستە لە نەخۆشخانەیە و خەوێنراوە.