تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە بەرپرسانی ئەو دادگایەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی کوشتنی ژینا (مەهسا) ئەمینی دەکات، تا ئێستە هیچ هەنگاوێکیان بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی پارێزەرانی بنەماڵەی ئەمینی هەڵنەگرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند کە سەرەڕای تانەدانی پارێزەرەکان لە بۆچوونەکەی پزیشکیی داد و پێشکەشکردنی داواکاری بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی پزیشکیی داد کە ژمارەیەک لە پزیشکانی جێ‌متمانە و ڕاگەیەنراوی بنەماڵەکەیشی تێدا جێگیر کرابێت، بەڵام تا ئێستە بەرپرسانی دادوەری هیچ هەنگاوێکیان بە ئاڕاستەی قبووڵکردنی ئەم داواکارییە یاساییەدا نەگرتووەتە بەر.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هەروەها وەزارەتی ئیتلاعات پارێزەرەکانی بانگهێشت کردووە و هەڕەشەی لێ کردوون کە بۆیان نییە لەگەڵ ڕاگەیاندنەکاندا وتووێژ بکەن یان لەسەر دۆسیەکە هەواڵێک بڵاو بکەنەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی ئەم ماوەیە هەوڵیان داوە بنەماڵەی ئەمینییش لە ڕێگای هەڕەشە یان خستنەبەر تەماحەوە لە بەدواداچوونی زیاتری دۆسیەکە پاشگەز بکەنەوە.

دەوترێت ئیبراهیم ڕەییسی، سەرکۆماری ئێران، لە سەفەرەکەی ئەم دواییانەی خۆیدا بۆ کوردستان ویستوویەتی بچێتە ماڵی ژینا (مەهسا) ئەمینی و لەگەڵ بنەماڵەکەیدا دیدار بکات، بەڵام ئەمجەد ئەمینیی باوکی ژینا داواکارییەکەی قبووڵ نەکردووە و ئامادە نەبووە لەگەڵ ڕەییسیدا دیدار بکات.