بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، فەریبا زەندکەریمی، مامۆستا و چالاکی بواری مافەکانی ژنانی خەڵکی سنە کە ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خاکەلێوە (٥ی ئاوریل) دوای بانگهێشتکردنی تەلەفۆنی بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کرابوو، تا ئێستایش بەبێ ئەوەی مافی دیاریکردنی پارێزە و دیداری بنەماڵەی پێ بدرێت، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدایە.

خانمی زەندکەریمی دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە. لێپرسەوە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەرکردنی ئەم مامۆستایە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و وێڕای پشکنین و گەڕانی ماڵەکە دەستیان گرتووە بەسەر ژمارەیەک لە کەلوپەلە کەسییەکانی خۆی و بنەماڵەکەیدا.

تا ئێستا لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم چالاکەی بواری مافەکانی ژنان هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.