لەم ڕۆژانەی دواییدا ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری مافەکانی ژنان کە لە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەوە (١٠ی ئاوریل) دەستبەسەر کراوە، لە لایەن دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنەوە تۆمەتێکی نوێی لەژێر ناوی «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەردا» ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم چالاکەی بواری مافەکانی ژنان ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی جۆزەردان (٢١ی ژوەن) لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنەوە براوەتە دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە و لە لایەن یەکێک لە لقەکانی لێپرسینەوەی دادسەراوە تۆمەتێکی نوێی لەژێر ناوی «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەردا» ڕووبەڕوو کراوەتەوە. پێشتریش تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» و «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای پێکهێنان و ئەندامبوونەوە لە گرووپ و دەستەی نایاساییدا ڕووبەڕووی ئەم ژنەچالاکە کرابوویەوە.

ژینا مودەڕیس گورجی ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوە (١٠ی ئاوریل) بۆ دووهەم جار لەدوای سەرهەڵدانی سەرانسەریی دژ بە کوشتنی ژینا ئەمینییەوە دەستبەسەر کرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕێکەوتی ٢٠ی گوڵاندا (١٠ی مەی) هەواڵی گواستنەوەی ژینا مودەڕیس گورجیی بۆ بەندی گشتیی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە بڵاو کردبووەوە. ئەم چالاکەی بواری مافەکانی ژنان لە مانگی یەکەمی دەستبەسەربووندا لە ژووری تاکەکەسیی ئەم زیندانەدا ڕاگیرابوو و ڕۆژانە بۆ لێپرسینەوە دەبرایە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.

ئەم چالاکە ناسراوەی بزاڤی ژنان پێشتریش لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢١ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شەقامی سەفەریی سنە بە شێوەیەکی توندوتیژئامێز دەستبەسەر کرا و دوای ٤٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە بەندی ژنانی زیندانی سنە، لە ڕێکەوتی ٨ی گەڵاڕێزاندا (٣٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو (مارسی ٢٠٢٣) ئەم ڕۆژنامەوانە لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە تۆمەتی نوێی پێ ڕاگەیەنرابوو و دادوەری دۆسیەکە ڕێژەی بارمتەکەی بەرز کردبۆوە بۆ یەک میلیارد تمەن.

ژینا مودەڕیس گورجی لە مەودای نێوان هەردوو جاری دەستبەسەرکردندا بە شێوەی بەردەوام لەژێر گوشار و چاودێریی دامودەزگا ئەمنییەکان و دەزگای دادوەریدا بووه.