ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕەشەمە (٢٠ی فێبرییە) زیندانییەکی ٣٥ ساڵان بە ناوی سەعید سەعیدیفەر وەک ناڕەزاییەک لە ئاست زەخت و گوشاری بەردەوامی بەرپرسی بەشی پشکنینی زیندانی ناوەندیی ورمێ، لە ڕێگای هەڵدانی ژمارەیەکی زۆری حەبەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی ڕێبەندان (١٩ی فێبرییە) حاجبی، بەرپرسی بەشی پشکنینی زیندانی ناوەندیی ورمێ، لەگەڵ گاردی زینداندا هێرشیان کردبووە سەر بەندی ٥ی زیندانەکە و بە بیانووی پشکنینەوە هەموو کەلوپەلی زیندانییەکانیان تێک دابوو و ئەمەیش ببووە مایەی ناڕەزایی و دەنگهەڵبڕینی سەعید سەعیدیفەر.

ئەم بەندکراوە لە بەرانبەر هەڕەشەکانی بەرپرسی بەشی پشکنیندا کە هەڕەشەی گواستنەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی لێ کردبوو، ڕایگەیاندبوو کە خۆی دەکوژێت و بەرەبەیانی دووشەممە ١ی ڕەشەمە (٢٠ی فێبرییە) پاش ئەوەی ژمارەیەکی زۆری حەبی هەڵدابوو، تەرمی بێگیانی لە ناو تەختەکەیدا لە لایەن هاوبەندییەکانیەوە دۆزرابوویەوە.

ئەم زیندانییە ٣٥ ساڵەیەی خەڵکی ورمێ لە نزیکەی ١١ ساڵ لەمەوپێشەوە بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە توندی زیندان کرابوو.

ئەگەر لە ئێراندا دەژین و بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە، پێش ئەوەی دەست بدەنە هەر کارێک لەگەڵ یەکێک لەم ژمارانەدا پێوەندی بگرن: ئۆرژانسی کۆمەڵایەتی: ١٢٣، ئۆرژانسی شاری: ١١٥، دەنگی ڕاوێژکار: ١٤٨٠، ئۆرژانسی دەروونپزیشکیی تاران: ٤٤٥٠٨٢٠٠.