دەمەوبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە نزیک گوندی سنووریی «عیساگولیک»ی چاڵدێرانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، دەستەیەک کۆڵبەریان ڕاگرتووە و بە چەک و دار بەر بوونەتە گیانیان و بە قورسی ئەشکەنجەیان کردوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە چالدێرانەوە سەبارەت بەم ڕووداوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «دەمەوبەیانی ئەمڕۆ ٢٨ی پووشپەڕ پێنج کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی جەمال حەسەنپوور، باران حەسەنپوور، حسەین فیرووزی، وەلی موقیمی و حەمید عەبدوڵڵازادە، لە نزیک گوندی سنووریی «عیساگولیک»ی چاڵدێران لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی پاسگای سەقیزمیلەی ٢٠٧ و ٢٠٨ ـەوە بە فەرماندەیی کەسێک بە ناوی سادقزادە، لە ڕێگای کۆڵبەریدا ڕاگیراون و بە قورسی ئەشکەنجە دراون».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بە هۆی قورسیی برینەکانی ئەم ئەشکەنجە و لێدانەوە حەمید عەبدوڵڵازادە براوەتە نەخۆشخانەی قەمەری بەنی هاشمی ماکۆ و ٤ کۆڵبەرەکەی تریش ڕەوانەی نەخۆشخانەی چاڵدێران کراون.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ٢٥ی پووشپەڕیشدا هێزە سنوورپارێزەکان لەسەر پردی «دوواو»ی نەوسوودی پارێزگای کرماشان ئۆتۆمبیلێکی هەڵگری چەند کۆڵبەریان ڕاگرتبوو و سیان لە کۆڵبەرەکانیان بە ناوەکانی خەلیل مەحموودی، ئەنوەر مورادی و خەلیل سڵێمانی دابەزاندبوو و ئەشکەنجەیان کردبوون.