تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو ٢٤ی ڕەشەمە (١٥ی مارس) زیندانیی سیاسیی کورد قادر محەممەدزادە لە حەڤدەهەمین ساڵی بەندبوونیدا بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە مۆڵەتی پشووی کاتییەوە، لە زیندانیی ناوەندیی یەزد ئازاد کراوە. هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەشەمە (١٩ی مارس) زیندانییەکی سیاسیی کوردی تری ئەم زیندانە بە ناوی ڕوستەم ئەرکیا دوای ١٥ ساڵ بەندبوون بە یاسای ئازادیی مەرجدار ئازاد کراوە.

ڕوستەم ئەرکیا، هاووڵاتیی کوردی خەڵکو ماکۆ، لە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانباری ١٣٨٥ (١ی ژانڤییەی ٢٠٠٧) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای پاراستنی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ. ناوبراو نزیکەی ٣ مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاری بەردەوام و ئەشکەنجەی قورسدا بوو. ئەم زیندانییە سیاسییە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێوە ڕەوانەی زیندانی ماکۆ کرا.

لە ڕێکەوتی ٥ی سەرماوەزی ١٣٨٦ (٢٦ی نۆڤامبری ٢٠٠٧) ڕوستەم ئەرکیا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی خۆیەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «نەورۆزی» بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک) حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە دوای تانەلێدان ڕەوانەی دیوانی باڵای ئێران کرا و حوکمەکە هەڵوەشایەوە. ئەم جارە دۆسیەکە نێردرایە بەردەم دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ و لە رێکەوتی ٧ی ڕێبەندانی ١٣٨٨ (٢٧ی ژانڤییەی ٢٠١٠) لە لقی یەکەمی ئەم دادگایە بە تۆمەتی «موحارەبە» حوکمی ١٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی یەزدی بەسەردا سەپا.

نوێنەری داواکاری گشتیی ورمێ دوای دەرکردنی سزای ١٠ ساڵ بەندکران، تانەی لە حوکمەکە دا و داوای کرد سزاکە قورستر بکرێتەوە. هەر بۆیە لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٣٨٨ (١٨ی مارسی ٢٠١٠) لقی ١٠ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا حوکمەکەی ڕوستەم ئەرکیای لە ١٠ ساڵەوە گۆڕی بۆ ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی یەزد و لە جۆزەردانی ١٣٨٩ (ژوەنی ٢٠١٠) دوور خرایەوە بۆ زیندانی یەزد. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ١ی سەرماوەزی ١٣٩٠ (٢٢ی نۆڤامبری ٢٠١١) لەگەڵ ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسیی زیندانی یەزددا وەک ناڕەزایەتییەک لەبەرانبەر جێبەجێکردنی یاسای جیاکردنەوەی تۆمەتباراندا مانی لە خواردن گرت. ئەم مانگرتنە دوای ٦ ڕۆژ لەسەر بەڵێنی بەرپرسان بۆ جیاکردنەوەی زیندانییە سیاسییەکان لە زیندانییە ئاساییەکان کۆتایی پێ هات. ڕوستەم ئەرکیا بە درێژایی ئەم ماوەیە تەنها یەک جار و ئەویش دوای ١٢ ساڵ مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ درابوو.

قادر محەممەدزادە، لەدایکبووی ڕەشەمەی ١٣٥٦ی بۆکان، لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ١٣٨٤ (٢٠ی دێسامبری ٢٠٠٥) لەگەڵ محەممەدئەمین عەبدوڵڵاهی بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبی کۆمەڵەدا» و «کوشتنی ئەندامێکی هێزە چەکدارەکانی ئێران» لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ئەم دوو زیندانییە سیاسییە دوای چەند مانگ مانەوە لە دۆخی دژواری ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد و ورمێدا کە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابوونە ژێر ئەشکەنجەی قورسەوە، گوازرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ و دوای ١٥ مانگ نادیاربوونی دۆخەکەیان، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» دادگایی کران.

لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد سزای ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی یەزدی بەسەر قادر محەممەدزادەدا سەپاند و محەممەدئەمین عەبدوڵڵاهیشی مەحکووم کرد بە ١٨ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی تەبەس. ئەم حوکمانە لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا پەسەند کران.

ئەم زیندانییە سیاسییە هەروەها لە لایەن دادگای کەیفەریی مەهابادەوە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» حوکمی قەساس و ٧ ساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای تانەلێدان لە ساڵی ١٣٩٢دا (٢٠١٣) لە دیوانی باڵای ئێران هەڵوەشایەوە و گۆڕدرا بۆ دیە.

قادر محەممەدزادە لە ڕێبەندانی ١٣٨٩ (ژانڤییەی ٢٠١١) لە دۆسیەیەکی تردا بە تۆمەتی «پێوەندیگرتن لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی ئێراندا» لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە سەرلەنوێ حوکمێکی تری ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم زیندانییە سیاسییە لە خەرمانانی ئەمساڵدا (سێپتامبر) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر ڕازینەبوونی داواکاری گشتیی مەهاباد بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی، بۆ ماوەی ٣٩ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.