سەرەڕای تێپەڕینی ساڵێک بەسەر دەستبەسەرکردن و بزرکردنی زۆرەملێی ئیدریس فەقیهی، ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە، نیگەرانییەکان لە ئاست بارودۆخ و چارەنووسی ناوبراودا پەرەی سەندووە. دایکی ئەم زیندانییە سیاسییە لە یەک ساڵی ڕابردوودا هیچ وەڵامێکی ڕوونی لەسەر چارەنووسی منداڵەکەی وەرنەگرتووە.

بنەماڵەی ئیدریس فەقیهی کە لە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٠ـەوە (٢٤ی جولای ٢٠٢١) دوای برینداربوون بە دەستی هێزەکانی سپای پاسداران بزر بووە، بە درێژایی ساڵی ڕابردوو چەندەها جار سەردانی دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سەربازگەی ئەلمێهدی، ئیدارەی ئیتلاعات و دادگای ورمێیان کردووە بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕوونیان لەسەر چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە پێ نەدراوە.

فاتمە مەقسوودی، دایکی ئیدریس فەقیهی، لە یەکەم ساڵوەگەڕی بزرکردنی زۆرەملێی منداڵەکەیدا بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک کە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێردراوە، دەڵێت: «یەک ساڵە کوڕەکەم لە دەستبەسەرگەی ورمێ بەند کراوە. دەڕۆمە ئیدارەی ئیتلاعات، دادگا و زیندان، بەڵام هیچ وەڵامێکی ڕوونم پێ نادەنەوە. هەندێ جار دەڵێن لێرەیە، هەندێ ڕۆژیش دەڵێن لێرە نییە. دەڵێن بڕۆ تەلەفۆنت بۆ دەکەین، چاوەڕێ بە! من ئیتر توانای ئەم دۆخە قورسەم نییە، توانایەکم بۆ نەماوەتەوە. نەخۆشیی دڵم هەیە. لە ڕێکخراوە داکۆکیکارەکان لە مافەکانی مرۆڤ داوا دەکەم کوڕەکەمم بۆ بدۆزنەوە. خودی ئێوە بوون کە هەواڵی زیندووبوونیتان بڵاو کردەوە. پارێزەری بۆ دانێن با بتوانم بچمە دیداری، قسەی لەگەڵ بکەم، تەلەفۆنم بۆ بکات. بزانم زیندووە یا نە و چیی بەسەر هاتووە».

پێشتر و لە ڕێکەوتی ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠دا (٢١ی فێبرییەی ٢٠٢٢) ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئیدریس فەقیهی لە بەردەم بینای دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێ کۆ ببوونەوە و داوایان کردبوو لە بارودۆخ و چارەنووسی ئیدریس ئاگاداریان بکەنەوە، بەڵام هێزە ئەمنی و ئینتیزامییە ئامادەکان لەو شوێنەدا بەبێ سەرنجدان بە داواکاریی ئەم بنەماڵەیە، فاتمەی مەقسوودیی دایکی ئیدریس و چەند کەسی دیکە لە ئەندامانی بنەماڵەکەیان بۆ ماوەی چەند کاتژمێر دەستبەسەر کردبوو، فاتمە مەقسوودی ویستبووی لە پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانە لە ئاست ئەم بابەتەدا ئاگر لە جەستەی خۆی بەر بدات.

دایک و چەند ئەندامی تری بنەماڵەی ئیدریس فەقیهی دوای دەستبەسەرکران لە لایەن هێزە ئینتیزامییەکانەوە برابوونە بنکەیەکی هێزەکانی پۆلیس لە نزیک دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپا و بۆ چەند کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کرابوو. دواجار و پاش ئەوەی بە زۆر بەڵێنیان لێ وەرگیرا چیدی لە بەردەم بینای دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران کۆ نەبنەوە، ئازاد کران.

یەک لە ئەندامانی هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە بنکەی پۆلیس دیداری لەگەڵ ئەم کەسانەدا کردبوو و پێی ڕاگەیاندبوون کە ئیدریس زیندووە و لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕاگیراوە و تا کاتێک لێپرسینەوەکانی کۆتایی نەیەت مافی پێوەندیگرتن و دیداریان لەگەڵ ئیدریسدا نییە.

بە درێژایی یەک ساڵی ڕابردوو، هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران و دادگای ورمێ هەرجارە و لە وەڵامی داواکاریی بنەماڵەی ئیدریس فەقیهیدا بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر چارەنووسی کوڕەکەیان، هەندێ سیناریۆی دژبەیەکیان خستۆتە بەردەست، ئەوان سەرەتا ڕایانگەیاندبوو ئیدریس لە کاتی تێکهەڵچوونە سەربازییەکە و بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران کوژراوە و «وێنەی تەرم و بەڵگەنامەی مردن»ی بۆ بنەماڵەکەی دەنێرن، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەنامەیەکیان ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکردووە.

هەروەها لە دادگای ورمێ پێیان ڕاگەیەنراوە کە لەبەر هەستیاربوونی دۆسیەکە و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان، ئەوان بۆیان نییە هیچ وەڵامێک بە بنەماڵەکەی بدەنەوە. پشتڕاستکردنەوە و بەدرۆخستنەوەی دەستبەسەرکردنی ئیدریس فەقیهی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە حاڵێکدایە کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٠دا (٢٦ی سێپتامبری ٢٠٢١) بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاند کە هەندێ بەڵگەی دەست کەوتووە کە دەیسەلمێنن ئیدریس فەقیهی، ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) کە پێشتر ڕاگەیەنرابوو لە شەرێکی نێوان هێزەکانی ئەم پارتە و هێزەکانی سپای پاسداراندا لە نزیک شاری بۆکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا (٢٤ی جولای ٢٠٢١) کوژراوە، زیندووە و لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێدایە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوای تەقە و دەسڕێژەکەی هێزەکانی سپای پاسداران، ئیدریس فەقیهی کە پێی بریندار ببوو توانیبووی خۆی بشارێتەوە، بەڵام دوابەدوای بڵاوەپێکردنی هێزێکی گەورەی سپا بە ناوچەکەدا، ناوبراو لە حاڵێکدا کە بریندار بووە لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەداوە دەستبەسەر کراوە. هێزەکانی سپا سەرەتا بردوویانەتە نەخۆشخانەی عارفیانی سپا لە ورمێ و دواتر گواستوویانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئیدریس فەقیهی سەرەڕای ئەوەی بە قورسی بریندارە و پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەر و تەواوکردنی پرۆسەی دەرمانە، لە ژوورە تاکەکەسییە گشتییەکانی دەستبەسەرگەی ٧ی پووشپەڕی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێ لە سەربازگەی ئەلمێهدیی ئەو شارە ڕاگیراوە. لانیکەم دوو کەس لەوانەی لە یەک ساڵی ڕابردوودا بۆ ماویەک لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداراندا بوون، ناوبراویان لە ژووری پزیشکیی ئەم دەستبەسەرگەیەدا بینیوە.

لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا (٢٤ی جولای ٢٠٢١) تیمێکی چەندکەسی لە ئەندامانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە بەرزاییەکانی کوێستانی گوندی «عەلەمئاوا»ی بۆکان کەوتنە بۆسەی هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای سپای پاسدارانەوە. لە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژدا هەواڵنێریی دەوڵەتیی تەسنیم لە زمانی «قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا»وە هەواڵی کوژرانی دوو ئەندامی پارتێکی کوردی و دەستبەسەرکردنی ئەندامێکی برینداری ئەم پارتەی بڵاو کردەوە. پارتی ژیانی ئازادی کوردستانیش لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژدا کوژرانی دوو ئەندامی ئەو حیزبەی بە ناوەکانی ئیدریس فەقیهی خەڵکی سنە و موحسێن قادری خەڵکی بۆکان لە تێکهەڵچوونێکی چەکداریدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە نزیک بۆکان پشتڕاست کردبۆوە. بەڵام دوای ماوەیەک بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی تر ڕایگەیاند کە موحسین قادری زیندووە و ئیدریس فەقیهییش دوای برینداربوون لە لایەن سپای پاسدارانەوە دەستگیر کراوە.