سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان باس لە کوژرانی لانیکەم سێ هاووڵاتیی کورد، لەوانە منداڵێک، بە ناوەکانی محەممەد لوتفوڵڵاهی، سارینا ساعێدی و فریشتە ئەحمەدی لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سنە و مەهاباددا دەکەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شەوی چوارشەممە ٤ی گەڵاڕێزان (٢٦ی ئۆکتۆبر) لە گەڕەکی نایسەری سنە کوڕێکی لاو بە ناوی محەممەد لوتفوڵڵاهی دوای برینداربوون بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران دەستبەسەر کراوە. ناوبراو لە حاڵێکدا کە بەقورسی بریندار ببوو، لە لایەن هێزەکانی خرایە ناو ئۆتۆمبیلێکی مینی پاسەوە و لەوێوە ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کرا.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی کە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر) تەرمی ئەم هاووڵاتییە بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی و بە ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەکان ئەسپەردە کراوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لاملی محەممەد لوتفوڵڵاهی شین هەڵگەڕابوو بەڵام هێشتا دیار نییە لە ماوەی چەند کاتژمێر دەستبەسەربووندا بە هۆی قورسیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست داوە یاخود لەژێر ئەشکەنجەدا کوشتوویانە.

هەروەها سەرچاوەیەکی تر لە سنە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند: «سارینا ساعێدی، ١٦ ساڵان، شەوی چوارشەممە ٤ی گەڵاڕێزان (٢٦ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی سنەدا بە باتۆمی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بە قورسی بریندار بوو. ئەم منداڵە دوای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لەسەر خۆی چووبوو و هەر بۆیە بنەماڵەکەی بردبوویان بۆ نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە. بەڵام دواکاتژمێرەکانی شەوی ڕابردوو بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، تەرمی ئەم منداڵە لەژێر چاودێریی توندی ئەمنیدا و بە بەشداریی ئەندامانی بنەماڵەکەی ئەسپەردە کراوە. دامودەزگا ئەمنییەکان گوشارێکی زۆریان خستۆتە سەر بنەماڵەی سارینا ساعێدی تاکوو بڵێن منداڵەکەیان خۆی کوشتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەهابادیش باس لە کوژرانی هاووڵاتییەک بە ناوی فریشتە ئەحمەدی، ٣٢ ساڵان و دایکی ٢ منداڵ، لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ڕابردووی مەهاباددا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان دەکات.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، فریشتە ئەحمەدی بە مەبەستی یارمەتیدانی چەند لاوێک کە لە لایەن هێزە سەربازی-ئەمنییەکانەوە هێرشیان کرابووە سەر، چووبووە شوێنی هێرشەکە لە گەڕەکی پشت‌تەپی مەهاباد، بەڵام هێزە چەکدارەکان تەقەیان لێ کرد و کوشتیان.