بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوای تێپەڕینی نزیکەی ٥٠ ڕۆژ لە سەرهەڵدانە سەرانسەرییەکانی خەڵکی ئێران لەدوای کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینی، تا ئێستا لانیکەم ٥٤ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، قەزوێن، ئەلبورز و تاران بە دەستی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون. حەوت لەم کوژراوانە منداڵی خوار ١٨ ساڵ بوون.

ئەم ئامارە تا ڕێکەوتی ١٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (٦ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) کۆ کراوەتەوە و لە ڕێگای وتووێژکردن لەگەڵ بنەماڵە یان نزیکانی گیانبەختکردوواندا پشتڕاست کراوەتەوە. جیا لە ناونیشانی ئەو ٥٤ گیانبەختکردووەی لەم ڕاپۆرتەدا سەلمێنراوە و تۆمار کراوە، هەندێ هەواڵی دیکەیش لەسەر کوژرانی ٢ کەسی تر لە خۆپیشاندانی جەماوەریی شارەکانی سەقز و سنەدا بڵاو کراوەتەوە کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان تا ئێستە نەیتوانیوە بەتەواوی پشتڕاستیان بکاتەوە.

ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی ئێرانیش لە ڕاپۆرتێکدا ژمارەی کوژراوانی هەموو ئێرانی تا ڕێکەوتی ١٤ی گەڵاڕێزان (٥ی نۆڤامبر) ٣٠٤ کەس ڕاگەیاندووە. بە وتەی ئەم ڕێکخراوەیە، زیاترین ژمارەی کوژراوان بە ڕیز لە پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان، مازەندەران، تاران، کوردستان، گیلان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کرماشان و ئیلامدا بووە. بە وتەی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ تەنها لە شارەکانی بەلووچستاندا لانیکەم ١١٠ کەس بە دەستی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون.

گوشارخستنە سەر بنەماڵەی کوژراوان؛

هەڕەشە، دەستبەسەرکردن، ئەسپەردەکرنی نهێنی و ڕێگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی گشتی

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزە ئەمنییەکان گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی ژمارەیەک لە کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە تاکوو نەخۆشی، ڕووداوی هاتوچۆ یان خۆکوشتن بە هۆکاری گیانلەدەستدانی منداڵەکانیان ڕابگەیەنن. تەنانەت لە هەندێ حاڵەتدا داوایان لێ کردوون حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان بە بەرپرسی کوشتنی ئەندامانی بنەماڵەکانیان لە قەڵەم بدەن.

هێزە ئەمنییەکان بە شێوازی جۆراوجۆری وەک تەماح خستنەبەر، هەڕەشە، گوشار و دەستبەسەرکردن هەوڵیان داوە بنەماڵەی گیانبەختکردووان بێدەنگ بکەن؛ هەندێ بەڵێنی وەک دانی دیە و تۆمارکردنی ناوی منداڵەکانیان لە «بونیادی شەهید»دا، داواکردنی بڕەپارەیەکی زۆر بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکان، دەستبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵە، هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی منداڵانی تری بنەماڵەکان، گوشار بۆ ئەنجامدانی وتووێژی تەلەفیزیۆنی و ڕاگەیاندنی هۆکاری ناڕاستی دیکە بۆ مردنیان و…

هێزە ئەمنیەکان هەروەها لە هەندێ حاڵەتدا بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکان، بنەماڵەکانیان ناچار کردووە بەڵێننامە واژۆ بکەن کە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردن و سەرەخۆشی بە شێوەی گشتی و بە ئامادەبوونی خەڵک نابێت و هیچ هەواڵێک لەسەر گیانلەدەستدانی خۆشەویستەکانیان بڵاو ناکەنەوە. ئەسپەردەکردنی نهێنی و دیاریکردنی شوێنی ئەسپەردەکردن لە دەرەوەی شاری نیشتەجێبوونی بنەماڵەیش لەو ڕێکارانەی تری دامودەزگا ئەمنییەکان بووە کە لە ترسی ئامادەبوونی جەماوەری ناڕازی لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی گیانبەختکردوواندا گرتوویانەتە بەر. سەرەڕای ئەمانەیش زۆربەی بنەماڵەکان پێشنیارەکانی هێزە ئەمنییەکانیان ڕەت کردووەتەوە و بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەکان و تەنانەت دەستبەسەرکردنەکان، جەختیان لەسەر ئامادەبوونی ئازیزانیان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە و هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییان وەک بەرپرسی کوژرانی ئازیزانیان ناساندووە.

توندوتیژی لە بەرانبەر خۆپیشاندەراندا؛

لێدان و ئەشکەنجە و بەکارهێنانی چەکی ساچمەزەن و شەڕ

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و وتوێژکردن لەگەڵ شایەتحاڵە مەیدانییەکاندا، هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی -سپای پاسداران، هێزی ئینتیزامی، بەسیج، دژەشۆڕش و جلوبەرگ مەدەنییەکان- لەوپەڕی توندوتیژیدا و لە ڕێگای چەکی شەڕ، گوللەی ساچمەیی، باتۆم، گازی فرمێسکڕێژ، ئۆتۆمبێلی بەهێزی ئاوپژێن و… دەستیان داوەتە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانی هێمنانەی خەڵک لە شار و گوندە جیاوازەکانی کوردستاندا، هەروەها لە زۆر حاڵەتدا دەستیان داوەتە شکاندن و شێواندنی ئۆتۆمبێل، ماڵ و شوێنی کاری هاووڵاتییان.

لانیکەم دووان لە گیانبەختکردووان بە هۆی لێدان و ئەشکەنجەی قورسەوە بە باتۆم، کەسێک بە هۆی ئەشکەنجەدانەوە لەدوای دەستبەسەرکران لە دەستبەسەرگەدا، کەسێک بە هۆی ئەوەی بە ئۆتۆمبێلی پۆلیسی دژەشۆڕش کراوە بە ژێرەوە و ٥٠ کەسیش بە هۆی بەرکەوتنی ژمارەیەکی زۆری گوللەی ساچمەیی یان گوللەی شەڕەوە کوژراون. شایەتحاڵە مەیدانییەکان دەڵێن ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران بە شێوەی مەبەستدار دیاری کراون و لە مەودای نزیکەوە کراونەتە ئامانج و تەقەیان لێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، زیاتر لە هەزار هاووڵاتی لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا بە هۆی لێدان یاخود بە گوللەی ساچمەیی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بریندار بوون و لانیکەم ٨ خۆپیشاندەر لە شارەکانی سنە، سەقز، ورمێ و بیجاڕ بە هۆی بەرکەوتنی گوللەی چەکی ساچمەزەنی هێزەکانی پۆلیسی دژەشۆڕشەوە تووشی برینی قەرەبوونەکراو لە چاویاندا بوون و بینایی چاوێک یان هەردوو چاویان لەدەست داوە.

زۆربەی برینداران لەبەر نەبوونی ئەمنییەت و مەترسیی دەستبەسەرکران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، نەچوونەتە ناوەندە پزیشکییەکان و ناچار بوون بەو کەرەستە و ئیمکانە کەمانەی لە بەردەستدا بووە، لە ماڵەکاندا خۆیان دەرمان بکەن.

دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییان، چالاکان و خوێندکاران؛

هەڕەشە، ئەشکەنجە، دانپیانانی زۆرەملێ

لە سەرەتای دەستپێکردنی سەرهەڵدانی سەرانسەرییەوە لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێراندا، بە هەزاران هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و شارەکانی تری ئێراندا، لە ناو خۆپیشاندانەکانی سەر شەقامەکان یان لە ماڵ و شوێنی کارەکانیاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. لە دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییانەدا پەنا براوەتە بەر توندوتیژی و تەنانەت هەندێکیان لە کاتی دەستبەسەرکردندا بریندار بوون و بەبێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی ڕەوانەی دەستبەسەرگە ئەمنییەکان کراون.

گەلێ ڕاپۆرت لەمەڕ ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحیی دەستبەسەرکراوان و تەنانەت ئەندامانی بنەماڵەکانیان لە بەردەستدایە. لێپرسەوە ئەمنییەکان لە ڕێگای گوشار، ئەشکەنجە و هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵە و دەستدرێژیکردنەوە، ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوانیان ناچار کردووە دان بە تاوانباربوونی خۆیاندا بنێن و ئەم دانیپانانە زۆرەملێیانەیان تەنانەت لە تەلەفیزیۆن، هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکان و ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردووەتەوە.

سامان یاسین (سامان سەیدی)، گۆرانیبێژی ڕەپی خەڵکی کرماشان کە لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەردا (٢ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی تاراندا  لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا، لە ڕێکەوتی ٧ی گەڵاڕێزان (٢٩ی ئۆکتۆبر) و لە دادگادا تۆمەتی «موحارەبە» و «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات»ی ڕووبەڕوو کرایەوە. ئەم تۆمەتە دەتوانێت حوکمی لەسێدارەدانی بەدواوە بێت.

ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتی «موحارەبە» و بڵاوکردنەوەی دانپیانانی زۆرەملێی سامان یاسین لەژێر ئەشکەنجەدا، بووەتە مایەی نیگەرانیی بنەماڵەکەی، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕای گشتیی کوردستان و ئێران لەمەڕ دۆخی ڕاگرتن و ئەگەری سەپاندنی حوکمی لەسێدارەدان بەسەر ئەم هونەرمەندە کوردەدا.

بارودۆخی قورسی ئەمنیی کوردستان و گوشاری فراوانی سەر دەستبەسەرکراوان و بنەماڵەکانیان بۆ شاردنەوەی هەواڵی دەستبەسەرکردن و بڵاونەکردنەوەی هەرچەشنە هەواڵێک لەسەر بارودۆخیان، ئاشکراکردنی ناسنامە و ناونیشانی هەموو دەستبەسەرکراوانی نامومکین کردووەتەوە، بەڵام تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە درێژایی ئەم حەفتانەی دوایی بە شێوەی ڕۆژانە ناونیشانی ژمارەیەکی زۆر لە دەستبەسەرکراوانی لە ماڵپەڕ و لاپەڕە فەرمییەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردووەتەوە و لەسەر بارودۆخیان زانیاریی پێشکەش کردووە.

لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا ناسنامە و ناونیشانی ٥٣ کەس لە گیانبەختکردووانی کورد لە سەرهەڵدانی سەرانسەریی خەڵکی ئێراندا بڵاو دەکرێتەوە کە لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە تۆمار و پشتڕاست کراونەتەوە. هەروەها ناسنامە و ناونیشانی ٢ هاووڵاتیی کوردی تر کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هێشتا هەر خەریکی لێکۆڵینەوەیە بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی باوەڕپێکراو لەسەر شێواژی مردن یان کوشتنیان، لە درێژەی ئەم پێرستەدا هاتووە.

١. فەرەیدوون مەحموودی، خەڵکی سەقز کە ٣٣ ساڵان و باوکی دوو منداڵ بوو لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانان (١٩ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکانی شاری سەقزدا کەوتە بەر تەقەی هێزە ئەمنییەکان و گیانی لەدەست دا.

٢. ڕەزا لوتفی، خەڵکی دێولان، لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانان (١٩ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر تەقەی هێزە ئەمنییەکان و گیانی لەدەست دا.

٣. موحسین محەممەدی، خەڵکی دیواندەرە، لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانان (١٩ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوو و ڕۆژی دواتر لەبەر قورسبوونی برینەکانی لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لەدەست دا.

٤. فواد قەدیمی، ٣٩ ساڵان، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی دیواندەرە، لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانان (١٩ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دیواندەرەدا بریندار بوو و دوای دوو ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لەدەست دا.

٥. مینوو مەجیدی، ٦٣ ساڵان، دایکی سێ مداڵ و خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرماناندا (٢٠ی سێپتامبر)  بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە شەقامی نەوبەهاری کرماشان کوژرا.

مینوو مەجیدی دوای شۆڕشی ١٩٧٩ لە پەروەردەی مامۆستایان دەرکرا و لە قۆناغێکی ژیانیدا وەک ڕاهێنەری خۆبەخشی تێنیسی سەرمێز (پینگ پۆنگ)ی نەبیستان چالاک بوو.

٦. ڕەزا شەهپەرنیا، ٢٣ ساڵان، خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرماناندا (٢٠ی سێپتامبر) لە کرماشان کەوتە بەر تەقەی هێزە ئەمنییەکان و دەیان ساچمە بەر لەشی و گوللەیەکیش بەر دڵی کەوت و کوژرا. تەرمەکەی دوای دوو ڕۆژ بە وەرگرتنی بەڵێننامە ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و لە کرماشان ئەسپەردە کرا.

٧. فەرجاد دەروێشی، ٢٣ ساڵان، خەڵکی گوندی بالۆی ورمێ لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانان (٢٠ی سێپتامبر) لە گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی گەڕەکی وەلیعەسری ورمێدا کەوتە بەر تەقەی هێزە ئەمنییەکان و گیانی لەدەست دا.

٨. زەکەریا خەیاڵ، ١٦ ساڵان و خەڵکی پیرانشار، لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانان (٢٠ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکانی پیرانشاردا کەوتە بەر تەقەی هێزە ئەمنییەکان و گیانی لەدەست دا.

٩. سەمەد بەرگی‌نیا، ٥٢ ساڵان و خەڵکی پیرانشار کە لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرماناندا (٢٠ی سێپتامبر) بە تەقەی هێزە چەکدارەکان بریندار ببوو، ڕۆژی ٦ی ڕەزبەر (٢٨ی سێپتامبر) لەبەر قورسبوونی برینەکانی لە نەخۆشخانەی خومەینیی شاری ورمێ گیانی لەدەست دا.

١٠. دانش ڕەهنما، ٢٥ ساڵان، خەڵکی گوندی بالۆی ورمێ، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکەی ئەم گوندەدا بە تەقەی هێزەکانی بەسیج کوژرا.

١١. عەبدوڵڵا مەحموودپوور، ١٦ ساڵان، خەڵکی گوندی «بالۆ»ی ورمێ، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکەی ئەم گوندەدا بە تەقەی هێزەکانی بەسیج کوژرا.

١٢. ئەمین مەعریفەت، ١٦ ساڵان، خەڵکی شنۆ، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکەی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا.

١٣. میلان حەقیقی، ٢١ ساڵان، خەڵکی شنۆ، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکەی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا.

١٤. سەدرەدین لیتانی، ٢٧ ساڵان، خەڵکی پیرانشار، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکەی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا.

١٥. موحسین قەیسەری، ٢٥ ساڵان، خەڵکی ئیلام، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە شەقامی تاڵەقانیی ئیلام کەوتە بەر تەقەی هێزە ئەمنییەکان و کوژرا.

١٦. ئەمیرعەلی فوولادی (نەوشیروان)، خەڵکی شاباد، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە نزیک قایمقامییەت (فەرمانداری)ی ئەم شارەدا کەوتە بەر تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و کوژرا.

١٧. سەعید محەممەدی، ٢٢ ساڵان، خەڵکی شاباد، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە نزیک قایمقامییەت (فەرمانداری)ی ئەم شارەدا کەوتە بەر تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و کوژرا.

١٨. ئیمان محەممەدی، ٢٢ ساڵان، خەڵکی شاباد، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە نزیک قایمقامییەت (فەرمانداری)ی ئەم شارەدا کەوتە بەر تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و کوژرا.

١٩. ئەمیرحسەین بەساتی، ١٦ ساڵان، خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرماناندا (٢١ی سێپتامبر) لە مەودای چەندمەترییەوە کەوتە بەر دەسڕێژی چەکی ساچمەزەنی هێزەکانی پۆلیس و کوژرا.

٢٠. محەممەد زارعی، هاووڵاتیی خەڵکی سونقوڕی پارێزگای کرماشان و دانیشتووی قەرچەکی وەرامین، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرماناندا (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارە لە ناوچەی «باقرئاوا» بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٢١. عەلیڕەزا فەتحی، ٢٢ ساڵان، خەڵکی سونقوڕی پارێزگای کرماشان، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرماناندا (٢١ی سێپتامبر) لە ناوچەی پیشەسازیی ئەلوەندی قەزوێن بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٢٢. ڕووزبێهـ خادمیان، ٣٢ ساڵان، خەڵکی سونقوڕی پارێزگای کرماشان و دانیشتووی کەرەج، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرماناندا (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٢٣. عەبدولسەلام قادر گەلوان، خەڵکی شنۆ کە لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرماناندا (٢١ی سێپتامبر) بە تەقەی هێزە هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بریندار ببوو، ڕۆژی ٤ی ڕەزبەر (٢٦ی سێپتامبر) لەبەر قورسبوونی برینەکانی لە نەخۆشخانەی خومەینیی شاری ورمێ گیانی لەدەست دا.

٢٤ موختار ئەحمەدی، خەڵکی مەریوان، ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەزبەر (١ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٢٥. نیما شەفەقدووست، منداڵی ١٦ ساڵانی دانیشتووی گەڕەکی کوشتارگای ورمێ، لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر تەقەی هێزەکانی پۆلیس، دەیان ساچمەی بەرکەوت و بە قورسی بریندار بوو. تەرمی ئەم منداڵە ڕۆژی ١٣ی ڕەزبەر (٥ی ئۆکتۆبر) لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

٢٦. پەیمان مینبەری، ٢٥ ساڵان، خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەر (٨ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر گوللەی چەکی شەڕی هێزە ئەمنییەکان و لە پشتەسەرەوە پێکرا و گیانی لەدەست دا.

٢٧. داریووش عەلیزادە، خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەر (٨ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا لە شەقامی سیرووس کەوتە بەر گوللەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و کوژرا.

٢٨. محەممەد ئەمینی، ٣٣ ساڵان، خەڵکی سنە، شەوی ١٦ی ڕەزبەر (٨ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا لە گەڕەکی کارئامووزی لە مەودای نزیکەوە کەوتە بەر گوللەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و کوژرا.

٢٩. یەحیا ڕەحیمی، خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەر (٨ی ئۆکتۆبر) لە حاڵێکدا کە بە ئۆتۆمبێلی پرایدەکەی خۆی لە سێ ڕیانی تاج لە ڕۆیشتندا بوو، لەبەر هۆڕین لێدان کەوتە بەر دەسڕێژی چەکی ساچمەزەنی هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان و کوژرا.

٣٠. ئارین موریدی، لاوی خەڵکی سەلاسی باوەجانیی پارێزگای کرماشان، لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەزبەر (٨ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوو و ڕۆژی دواتر لەبەر قورسبوونی برینەکانی لە ناوەندێکی پزیشکیی کرماشان گیانی لەدەست دا.

٣١. سینا نادری، ٢٣ ساڵان و خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر (١١ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی گەڕەکی «دەرەدرێژ»ی ئەم شارەدا کەوتە بەر تەقەی مەبەستداری هێزەکانی سپای پاسداران و بە دوو گوللەی جەنگی کوژرا.

٣٢. ئارمین سەیادی، ١٨ ساڵان و خەڵکی گوندی «قەڵازنجیری قەڵخانی»ی شاری داڵاهۆ و دانیشتووی کرماشان لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر (١١ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی گەڕەکی «دەرەدرێژ» (مەهدییە)ی ئەم شارە و لە حاڵێکدا کە بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی ئەڕۆیشت، کەوتە بەر تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران و کوژرا. دوو سەرنشینەکەی تری ئەم ئۆتۆمبێلەیش گوللەیان بەر کەوت و بە قورسی بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

٣٣. عەزیز مورادی، خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر (١١ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی گەڕەکی «نایسەر»ی ئەم شارەدا کەوتە بەر تەقەی چەکی شەڕی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و کوژرا.

٣٤. کەمال فیقهی، خەڵکی بۆکان، لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر (١١ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارە و لە حاڵێکدا کە لەسەر بانی ماڵەوە بوو، کەوتە بەر تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە لەبەر قورسبوونی برینەکانی گیانی لەدەست دا.

٣٥. ڕامین کەرەمی، ٣١ ساڵان و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو و دانیشتووی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر (١١ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و دوای ٨ ڕۆژ هەواڵی گیانلەدەستدانی لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەنرا.

٣٦. سەیدمحەممەد حسەینی، خەڵکی سەقز، لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر (١١ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی گەڕەکی «مەسکەنی مهری کووهدەشت»ی سەقز، لەبەر ناڕەزایی دەربڕین و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی پۆلیسی دژەشۆڕش کە خەریکی شکاندن و تێکدانی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان بوون، لە لایەن ئۆتۆمبێلەکی دژەشۆڕشەوە کرا بە ژێرەوە.

شایەتحاڵە مەیدانییەکان دەڵێن ئۆتۆمبێلەکەی دژەشۆڕش بۆ دڵنیابوونەوە لە مردنی ناوبراو جارێکی تریش بەسەر تەرمەکەیدا ڕۆیشتووە. لەبەر زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان، بنەماڵەی سەیدمحەممەد حسەینی ڕایانگەیاندووە کە بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست داوە.

٣٧. ڕامین فاتیحی، ٤٩ ساڵان و خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر (١١ی ئۆکتۆبر) لەگەڵ براکەیدا وریا فاتیحی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا، خوشکەکەیشی، ڕاد فاتیحی، ڕۆژڕک پاشتر دەستبەسەر کرا. هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەر (٢٠ی ئۆکتۆبر) بنەماڵەکەیان بانگهێشت کرد و پێیان ڕاگەیاندن کە ڕامین لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا لە هەوڵێکی خۆکوشتندا گیانی لەدەست داوە.

بنەماڵە و براکەی  ئەم بانگەشەیەی ئیدارەی ئیتلاعاتیان بە درۆ خستووەتەوە و وتوویانە ڕامین فاتیحی لەژێر ئەشکەنجە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا کوژراوە. تەرمی ئەم هاووڵاتییە کوردە شەوی ٢٩ی ڕەزبەر (٢٠ی ئۆکتۆبر) تەنها بە ئامادەبوونی خزمێکیان کە بۆ ناسینەوەی تەرمەکە بانگ کرابوو و بەبێ ئامادەبوونی بنەماڵەکەی بە شێوەی نهێنی لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدیی سنە ئەسپەردە کرا.

٣٨. عەلیڕەزا حسەینی، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، شەوی چوارشەممە ٢٧ی ڕەزبەر (١٨ی ئۆکتۆبر) لە هێرشی هێزە سەربازی-ئەمنییەکاندا بۆ سەر ماڵەکەی لە تاران کوژرا. ئەم ماڵە کە شوێنی ژیانی ژمارەیەک کرێکاری پەنابەر بوو، بە گومانی ئەوەی بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە و بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی ئەو کرێکارانە، کەوتبووە بەر هێرشەوە.

٣٩. ئەفشین ئاشام، ٢٨ ساڵان و خەڵکی گوندی «سورخەک سەنجابی» لە ڕێکەوتی ٤ی گەڵاڕێزان (٢٦ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی شاری قەسری شیریندا کەوتە بەر تەقەی چەکی شەڕی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و کوژرا.

٤٠. سارینا ساعێدی، ١٦ ساڵان و خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ٤ی گەڵاڕێزان (٢٦ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانی شەوانەی گەڕەکی «نایسەر»ی ئەم شارەدا کەوتە بەر باتۆمی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و بە قورسی بریندار بوو. ئەم منداڵە ڕۆژی دواتر برایە نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە، بەڵام لەبەر قورسبوونی برینەکانی دوای چەند کاتژمێر گیانی لەدەست دا. کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٦ی گەڵاڕێزان (٢٨ی ئۆکتۆبر) تەرمی ئەم منداڵە تەنها بە ئامادەبوونی چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەی لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدیی سنە ئەسپەردە کرا.

گەرچی باوکی سارینا ساعێدی لەژێر هەڕەشە و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا ناچار کرابوو بچێتە بەر کامێرای تەلەفیزیۆنی پارێزگای کوردستان و بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری دەواودەرمان وەک هۆکاری گیانلەدەستدانی منداڵەکەی ڕابگەیەنێت، بەڵام ڕۆژانی دواتر دایکی و ئەندامانی تری بنەماڵەکەی ئەم بانگەشە و قسە زۆرەملێیانەیان بە درۆ خستەوە.

٤١. محەممەد لوتفوڵڵاهی، خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ٤ی گەڵاڕێزان (٢٦ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بریندار بوو و دەستبەسەر کرا. ناوبراو کە بە قورسی بریندار ببوو برایە ناو مینی پاسێکی و لەوێوە گوازرایەوە بۆ شوێنەکی نادیار. بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر)، تەرمی ئەم هاووڵاتییە بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی و بە ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەکان ئەسپەردە کرا.

٤٢. ئیسماعیل (سمکۆ) مەولوودی، ٣٥ ساڵان و خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی چلەمین ڕۆژی کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینیدا لە مەهاباد، بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٤٣. کوبرا شێخە، ٥٢ ساڵان و خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی چلەمین ڕۆژی کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینیدا لە مەهاباد، بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٤٤. زانیار ئەبووبەکری، خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی چلەمین ڕۆژی کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینیدا لە مەهاباد، بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٤٥. محەممەد شەریعەتی. خەڵکی سنە، و خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی چلەمین ڕۆژی کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینیدا لە سنە، بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٤٦. شاهۆ خزری، خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی چلەمین ڕۆژی کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینیدا لە مەهاباد، بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٤٧. فریشتە ئەحمەدی،٣٢ ساڵان، خەڵکی مەهاباد و دایکی دوو منداڵ، لە ڕێکەوتی ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارە و لە حاڵێکدا کە لەسەر بانی ماڵەکەی بوو، کەوتە بەر تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و کوژرا.

٤٨. فەرەیدوون فەرەجی، ٢٨ ساڵان و خەڵکی سەقز، لە ڕێکەوتی ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی چلەمین ڕۆژی کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە سەقز، بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٤٩. مەسعوود ئەحمەدزادە، خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی چلەمین ڕۆژی کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینیدا لە مەهاباد، بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بریندار بوو و ڕۆژی دواتر لەبەر قورسبوونی برینەکانی گیانی لەدەست دا.

٥٠. موتەلیب سەعیدپیرۆ، ٤٠ ساڵان و خەڵکی بانە، لە ڕێکەوتی ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی چلەمین ڕۆژی کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینیدا لە بانە، لە بەردەم ماڵەکەی خۆی و لە حاڵەکدا کە دەیویست سواری ئۆتۆمبێلەکەی بێت، کەوتە بەر تەقەی هێزەکانی بەسیج و پۆلیسی دژەشۆڕش و کوژرا.

٥١. داستان ڕەسوول، ٣١ ساڵان و خەڵکی هەرێمی کوردستان، لە ڕێکەوتی ٦ی گەڵاڕێزان (٢٨ی ئۆکتۆبر) لە کاتێکدا کە لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە خزمانی موتەلیب سەعیدپیرۆدا بە مەبەستی بەشداریکردن لە سەرخۆشیی ناوبراودا لە هەرێمی کوردستانەوە چووبوونە گوندی چۆمانی بانە، لە خاڵی سفری سنووریدا کەوتە بەر تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران و کوژرا، لەم ڕووداوەدا دوو هاووڵاتیی تری هەرێمی کوردستانیش بریندار بوون.

٥٢. کۆمار دەرئوفتادە، ١٦ ساڵان و خەڵکی پیرانشار، لە ڕێکەوتی ٧ی گەڵاڕێزان (٢٩ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شەقامی کۆنەخانێی پیرانشاردا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٥٣. مۆئمێن زەندکەریمی، ١٨ ساڵان و خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ١١ی گەڵاڕێزان (٢ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی چوارڕیانی گوڵشەنی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا. ناوبراو لە مەودای نزیک و لە پشتەوە بە چەکی ساچمەزەن کراوەتە ئامانج. هێزە ئەمنییەکان بنەماڵەکەیان ناچار کرد تەرمی منداڵەکەیان بە شەو لە گوندی «ماچکە» ئەسپەردە بکەن.

٥٤. نەسرین قادری، خەڵکی مەریوان و دانیشتووی تاران کە لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا لە لایەن هێزە سەربازی-ئەمنییەکانەوە بە باتۆم کوژراوە. تەرمی نەسرین قادری لە ڕێکەوتی ١٤ی گەڵاڕێزان (٦ی نۆڤامبر) لەژێر چاودێریی قورسی ئەمنیدا بە شەو لە مەریوان ئەسپەردە کرا. باوکی نەسرین قادری لەژێر گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا وتوویەتی کچەکەی بە هۆی «کێشەی تەندروستی»یەوە گیانی لەدەست داوە.

ـ کەسانێک کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هێشتا خەریکی لێکۆڵینەوەیە بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی باوەڕپێکراو سەبارەت بە شێوازی مردن یان کوژرانیان:

١. دەوترێت ئیسماعیل دزوار، خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەر (٢٨ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا دەستبەسەر کراوە و تەرمەکەی لە ڕەکەوتی ١٨ی ڕەزبەردا (١٠ی ئۆکتۆبر) براوەتە نەخۆشخانەی ئەم شارە. بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەژێر گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا وتوویانە منداڵەکەیان بە «ڕووداوی هاتوچۆ» گیانی لەدەست داوە.

٢. دەوترێت محەممەدکەیوان دەروێشی، ٤٢ ساڵان و خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ٤ی گەڵاڕێزان (٢٦ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا لە گەڕەکی شەریفئاوا کوژراوە. هەندێ سەرچاوە دەڵێن بە گوللە کوژراوە و هەندێکی تریش ئەڵێن بە باتۆم کوژراوە.