بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ١٧ی سەرماوەز (٨ی دێسامبر) ژمارەیەک کاسب و دووکانداری شنۆ بە بیانووی ئەوەی بەشدارییان لە مانگرتنە گشتییەکاندا کردووە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکانی خۆیان دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە.

هێزە ئەمنییەکان دەستیان داوەتە ئەشکەنجەدان و سووکایەتیکردن بەم کەسانە کە ژمارەیان زیاتر لە ٢٠ کەس بووە و بە مەبەستی شکاندنەوە و ئەتککردنیان سمێڵ و قژی دوو کەسیان تاشیون.

ئەم کەسانە تا نزیکەی نیوەڕۆ کە ئازاد کراون، لە حەوشەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە و لە هەوایەکی زۆر سارددا ڕاگیراون.

ناسنامەی ٨ کەس لەم کاسب و دووکاندارانە کە لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە پشتڕاست کراوەتەوە: ئیدریس کارسازی (بەرگدروو)، واحێد بادپەیما (بەرگدروو)، ئیبراهیم شەرافەت (زێڕنگەر)، عەلی شەرافەت (زێڕنگەر)، کەریم تووتوونکار (خاوەن ڕیستۆران)، حەبیب ئێراندوست (فەرشفرۆش)، نیما میهەنخا (دووکاندار)،شەفێع حەسەنی (خاوەن پێشانگا)، حسەین شەڵتووتی (خاوەن پێشانگا) و ڕەحیم فەلاحی (میوەفرۆش).

دوابەدوای بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتیی سێ ڕۆژەی کاسب و دووکانداران لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا، ئیدارەی ئەماکن، داواکاری گشتی و دامودەزگا ئەمنییەکان دەستیان داوەتە بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی مانگرتووان و لە هەندێ لە شارەکاندا ژمارەیەکی زۆر لە دووکانەکانیان پلۆمپ کردووە و حسێبی بانکیی ئەو کەسانەیان داخستووە.