حوکمی لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسیی کورد شاکر بێهرووز لە دیوانی باڵای ئێراندا هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایە بەردەم دادگایەکی هاوتەریب لە شاری ورمێدا. حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠١دا (ژووەنی ٢٠٢٢) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا دەر کرابوو.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە حەفتەی ڕابردوو دیوانی باڵای ئێران دوای لێکۆڵینەوە لە داواکاریی تێهەڵچوونەوەی ئەم زیندانییە سیاسییەی مەحکووم بە ئێعدام، حوکمەکەی هەڵوەشاندووەتەوە و دۆسیەکەی ڕادەستی دادگایەکی هاوتەریب لە شاری ورمێ کردووە.

شاكر بێهروز، هاووڵاتیی کوردی خه‌ڵكی ورمێیه‌ و‌ پاییزی ١٣٩٧ (٢٠١٨) دوای وه‌رگرتنی «ئه‌ماننامه»‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، خۆی به‌ ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێ ناساند‌ و دوای ١٤ ڕۆژ لێپرسینه‌وه‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێ ئازاد كرا. سێ مانگ دوای ئازادبوونه‌كه‌ی له‌ ڕێكه‌وتی ٢٨ی ڕێبەندانی هه‌مان ساڵدا (١٧ی فێبرییەی ٢٠١٩) بۆ جارێکی‌تر لە لایەن هێزه‌كانی پاراستنی ئیتلاعاتی سپای ورمێوە‌ به‌ تۆمه‌تی «کوشتنی یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی سپای پاسداران» ده‌ستبه‌سه‌ر کرایەوە و ماوه‌ی ساڵێك و ١٨ ڕۆژ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئه‌م دەزگا ئه‌منییه‌دا له‌ پادگانی ئه‌لمه‌هدیی سپا، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ له‌ ژێر لێپرسینه‌وه ‌و ئه‌شكه‌نجەی ڕۆحی و جه‌سته‌یی قورسدا بوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە دوای ٥ مانگ دەستبەسەربوون لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ و لە موحاکەمەیەکی کورتی چەند خولەکیدا، بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سیناریۆیەکی تازەی ئەمنیدا، تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە حیزبی کۆمەڵە و «کوشتن»ی ئەندامێکی سپای پاسدارانی ڕووبەڕوو کردەوە. شاکر بێهرووز دوای ماوەیەک بۆ هەرکام لەم تۆمەتانە و لە دوو دۆسیەی جیاوازدا لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ و لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی ورمێوە کە تایبەتە بە مێرمنداڵان، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

لە پووشپەڕی ١٤٠٠دا (ژوەنی ٢٠٢١) لقی ٣١ی دیوانی باڵای ئێران ئەو حوکمی لەسێدارەدانەی هەڵوەشاندەوە کە پێشتر لە خەرمانانی ١٣٩٩دا (سێپتامبری ٢٠٢٠) بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی کۆمەڵەدا لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێوە بەسەریدا سەپابوو، هەر بۆیە دۆسیەکەی بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە هەناردبووە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارە. لە پووشپەڕی ١٤٠١دا (ژوەنی ٢٠٢٢) ئەم زیندانییە سیاسییە جارێکی تر هەر بەم تۆمەتە لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپایەوە.

لە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ١٤٠١دا (٢٨ی ژوەنی ٢٠٢٢) ئەم زیندانییە سیاسییە بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا. بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر بە هەوڵی بەربڵاوی خەڵک و خێرخوازان، خاوەن خوێنەکان (بنەماڵەی کوژراوەکە) چوونە دەفتەرخانەی بەڵگەنامە ڕەسمییەکانی ٨٤ی سیلوانای ورمێ و وێڕای وازهێنان لە شکاتەکەیان لەم زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»، ڕەزامەندیی تەواو و بێمەرجی خۆیان بەرانبەر بە شاکر بێهرووز ڕاگەیاند.