سامان یاسین (سەیدی)، گۆرانیبێژی ڕەپ و دیسلاڤی خەڵکی کرماشان و لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاران کە ئێستە لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجدایە، لە کاتی لێپرسینەوەکاندا لووتیان شکاندووە و هەر بۆیە تووشی کێشەی هەناسە بووە، بەڵام تا ئێستا لە خزمەتگوزاریی پزیشکیی گونجاو و پێویست بێبەش کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی ئەم زیندانییە سیاسییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «سامان لە کاتی لێپرسینەوەکاندا لە بەندی ٢٤١ی زیندانی ئێڤین، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراوەتە ژێر ئەشکەنجەوە و لە یەکێک لە لێپرسینەوەکاندا یەک لە لێپرسەوە ئەمنییەکان قەڵەمێکی کردووە بە ناو لووتیدا کە بووەتە هۆی دڕانی کونی چەپی لووتی».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە نزیکەی مانگێک لەمەوپێشەوە ئەم زیندانییە سیاسییە بە شێوەی بەردەوام تووشی خوێنلەبەرچوون بووە و شەوان بە هۆی کێشەی هەناسەوە تووشی ئازاری زۆر دەبێت، بەڵام بەرپرسانی زیندان ئامادە نیین ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندانی بکەن.

سامان یاسین، هونەرمەندی کوردی خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەر (٣٠ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەوپەڕی توندوتیژیدا دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای دەستبەسەرکران سەرەتا برایە بنکەی ١٢٧ی پۆلیسی نارمەک و ڕۆژی دواتر ڕەوانەی دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤین کرا و دوای ڕاگەیاندنی تۆمەتەکان گوازرایەوە بۆ زیندانی فەشافوویە یان هەمان تارانی گەورە. ئینجا دوای ١٠ ڕۆژ لەوێشەوە ڕەوانەی بەندی ٢٤١ی زیندانی ئێڤین کرا.

هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێران لە ڕێکەوتی ٧ی گەڵاڕێزاندا (٢٩ی ئۆکتۆبر) هەواڵی بەڕێوەچوونی دادگای چەند خۆپیشاندەرێکی دەستبەسەرکراویان بڵاو کردەوە کە ناوی سامان یاسین (سەیدی)یشی تێدا بوو. هەر لەم ڕۆژەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دانپیانانە زۆرەملێیەکانی ئەم گۆرانیبێژە لە ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا بڵاو کرایەوە و وترا کە تۆمەتی «موحارەبە» و «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد دەر کرا و لە زیندانی ئێڤیندا پێی ڕاگەیەنرا. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوون و لە خودی دادگاکەیشدا مافی دیاریکردنی پارێزەری لێ زەوت کراوە و ئەو پارێزەرەیش کە هەنووکە لە لایەن بنەماڵەکەیەوە دیاری کراوە، بە بیانووی ئەمنیبوونی دۆسیەکە، تا ئێستا مۆڵەتی خوێندنەوەی دۆسیە و دەسپێکردنی ئەرکی پارێزەریی پێ نەدراوە.

لە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزدا (٢٩ی نۆڤامبر) و دوابەدوای دەرچوونی حوکمی لەسێدارەدان، سامان یاسین بە شێوەی کتوپڕ و چاوەڕاننەکراو لەگەڵ دوو زیندانیی مەحکووم بە ئێعدامی دیکەدا بە ناوەکانی موحسێن شکاری و محەممەد برەوغەنی گوازرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

سامان یاسین پاش دەستبەسەربوون چەندها جار بە قورسی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی دراوە. بەندکران لە ژووری تاکەکەسیدا، بەندکران لە ژوورێکدا کە بە ساردخانە ناسراوە، لێدان و ئەشکەنجەدانی قورس و هەڵدانە خوارەوە لە پلەکانەکانی بەندی ٢٤١ـەوە لەو ئەشکەنجانەن کە لەم ماوەیەدا لەسەر ئەم هونەرمەندە کوردە جێبەجێ کراوە. دەوترێت ناوبراو لە ئەنجامی ئەم ئەشکەنجانەدا ناچار بووە لە بەردەم کامێرادا دان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.

لە سەرەتای بەفرانباری ئەمساڵدا (کۆتاییەکانی دێسامبری ٢٠٢٢) دیوانی باڵای ئێران دوای لێکۆڵینەوە لە داواکاریی تێهەڵچوونەوەی ئەم زیندانییە سیاسییەی مەحکووم بە ئێعدام، بە هۆی ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانەوە حوکمەکەی هەڵوەشاندووەتەوە و بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە هەناردوویەتەوە بۆ بەردەم دادگای یەکەم کە حوکمەکەی دەرکردووە. لە بەرگەی تۆمارکردنی بارودۆخی ئەم زیندانییە سیاسییەدا کە لە زیندان پێی ڕاگەیەنراوە، تۆمەتی «پیلانگێری بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی وڵات» و «تێکدانی ئارامی و هێمنایەتیی گشتی» وەک تۆمەتەکانی ئەو ڕاگەیەنراوە.

ئەم هونەرمەندە کوردە لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزدا (٢٠ی دێسامبر) بە هۆی دۆخی قورسی هۆڵی ٣١ی بەندی ١٠ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە، لە ڕێگای هەڵدانی ژمارەیەکی زۆری حەبەوە هەوڵی خۆکوشتنی دابوو کە دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەکەی زیندانی چارەسەری بۆ کرا، گوازرایەوە بۆ بەندی سیاسیی ئەم زیندانە.