دوو برای وەرزشکاری خەڵکی ئیلام بە ناوەکانی ئەمیرعەلی و عیماد زاکریفەرد کە لە ڕێکەوتی ١١ی گەڵاڕێزاندا (٢ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە ئیلام دەستبەسەر کرابوون، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کراون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕێکەوتی ١١ی گەڵاڕێزاندا (٢ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئیلام ئەم دوو برا وەرزشکارەیان دەستبەسەر کردووە. هێزە ئەمنییەکان وێڕای هێرشکردنە سەر ماڵی ئەم دوو هاووڵاتییە، کەلوپەلی ناو ماڵەکەیان شکاندووە و ڕێکاری تۆقاندنیان گرتووەتە بەر، هەر ئەمەش وای کردووە دایکە ٧٠ ساڵەکەیان تووشی جەڵدەی دڵ بێت.

ئەمیرعەلی و عیماد زاکریفەرد دوای دەستبەسەرکران براونەتە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ئیلام و بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرانە ژێر ئەشکەنجەی قورسی ڕۆحی و جەستەییەوە. لەم ئەشکەنجانەدا سەر و مل و شانی ئەمیرعەلی و سەر و قاچی عیماد بریندار بوون. هەروەها عیماد بە هۆی ئەشکەنجەدانەوە تووشی کێشەی دڵ بووە و سەرەڕای دۆخی خراپ و ناجێگیری تەندروستی، هیچ چارەسەر و خزمەتگوزارییەکی پزیشکیی بۆ دابین نەکرابوو و درێژە بە لێپرسینەوەکان درابوو.

ئەمیرعەلی و عیماد زاکریفەرد دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان گوزرابوونەوە بۆ قەرەنتینەی ٢ی دەستبەسەرگەی ناوەندیی ئیلام و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە ڕیز بە بارمتەی هەشتسەد میلیۆنی و سێ میلیارد و پێنسەد میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراون.
«پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆیی/دەرەکی»، «سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام»، «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»، «تێکدانی نەزم و ئارامیی گشتی» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» وەک تۆمەتی سەر ئەم هاووڵاتییانە ڕاگەیەنراوە.

سزانامەی ئەم دوو هاووڵاتییە لە لایەن لقی یەکەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیلامەوە دەر کراوە و بە مەبەستی لێکۆڵینەوە نێردراوەتە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارە.