لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٦ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سەلاح مووسەویڕاد، ڕەسوول بەهمەنی، کەیوان قاسمزادە، جەلال عەلەوی، جەمال عەلەوی و مەسعوود شپهە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٦ی بەفرانبار (١٦ی ژانڤییە) هێزە ئەمنییەکان چوار هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «کۆسەکەرێز»ی مەهابادیان بە ناوەکانی کەیوان قاسمزادە، جەلال عەلەوی، جەمال عەلەوی و مەسعوود شپهە بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.

هەروەها شەوی یەکشەممە ٢٥ی بەفرانبار (١٥ی ژانڤییە) هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی «خوڕخوڕە»ی مەهاباد بە ناوی ڕەسوول بەهمەنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

ڕۆژی شەممە ٢٤ی بەفرانباریش (١٤ی ژانڤییە) هاووڵاتییەک بە ناوی سەلاح مووسەویڕاد لە شەقامێکی مەهاباددا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە. بە وتەی شایەتحاڵە مەیدانییەکان، ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکردندا کەوتووەتە بەر لێدانی قورسی هێزە ئەمنییەکانەوە.

هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران و تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتییانە بەردەست نەکەوتووە.

سەلاح مووسەویڕاد