لەسەر چارەنووسی چوار هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «چۆڕ»ی مەریوان بە ناوەکانی سەرکەوت عەبدی، سەعدی غەفاری، ڕزگار موسەنیفی و لوقمان موسەنیفی کە لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نزیکەی دوو حەفتە لەمەوپێش هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی «چۆڕ»ی مەریوان بە ناوی سەرکەوت عەبدی لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە سنە دەستبەسەر کراوە.

هەروەها هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی مەریوان لە ڕێکەوتی ٣ی ڕێبەنداندا (٢٣ی ژانڤییە) سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەم گوندەیان بە ناوەکانی سەعدی غەفاری، ڕزگار موسەنیفی و لوقمان موسەنیفی دەستبەسەر کردووە.

دەوترێت دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییانە بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی و لەگەڵ ئەشکەنجە و لێدانی قورسدا بووە.

لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.