بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوای تێپەڕینی دوو مانگ و نیو بەسەر دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی جوانڕۆدا بە ناوی خالید مەحموودی، ناوبراو هێشتا هەر بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشاندایە و لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا تەنها یەک جار توانیویەتی دیدارێکی حوزووری کورت لەگەڵ دایکیدا بکات.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ١٩ ساڵەیە لە ڕێکەوتی ١ی سەرماوەز (٢٢ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری جوانڕۆدا و دوابەدوای هێرشکردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی هاوڕێیەکی دەستبەسەر کرا. ئەگەرچی لەم حەفتانەی دواییدا هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراوی تر بە دانانی بارمتە یان بە کەفالەت بە شێوەی کاتی ئازاد کراون، بەڵام خالید مەحموودی چارەنووسی نادیارە و هەر لە زیندانی ناوەندیی کرماشاندا ڕاگیراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی خالید مەحموودی سەبارەت بە دوایین دۆخی ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «خالید دوای دەستبەسەرکران لە جوانڕۆ یەکسەر گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە کرماشان و بۆ ماوەی ٣٧ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی ئەم دەستبەسەرگەیەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراوەتە ژێر گوشار و ئەشکەنجەی جەستەییەوە. لێپرسەوە ئەمنییەکان ناچاریان کردووە پێشەنگایەتیی بەشێک لە خۆپیشاندانەکانی جوانڕۆ و بەشداریکردن لە ئاگەرتێبەردانی ماڵی بەسیجییەک لەم شارەدا بگرێتە ئەستۆ. ئەڵبەت خالید مەحموودی لە کۆبوونەوەی کورتی دادگاییکردنیدا کە بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە چووە، بە دادوەری ڕاگەیاندووە کە تۆمەتە هەڵبەستراوەکانی ناو دۆسیەکە بەپێی ئەو دانپیانانە دراوەتە پاڵی کە لەژێر گوشار و ئەشکەنجە و هەڕەشەدا لێی وەرگیراوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە دوایین سەردانی بنەماڵەی خالید مەحموودیدا بۆ دادیاریی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیسلامیی ڕوانسەری پارێزگای کرماشان بە مەبەستی وەرگرتنی هەواڵی دۆسیەی منداڵەکەیان، پێیان ڕاگەیەنراوە کە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی ناوبراو بۆ ماوەی مانگێکی دیکە و تا کۆتایی ڕێبەندان (١٩ی فێبرییە) تازە کراوەتەوە و دۆسیەکە بۆ لێکۆڵینەوەی کۆتایی دەنێردرێتە بەردەم دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ناوەندی پارێزگا لە شاری کرماشان.