بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی ڕەشەمە (٢٢ی فێبرییە) ئارش (سەرکەوت) ئەحمەدی، وەرزشکار و ئەندامی پێشووی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان کە لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٩دا (دێسامبری ٢٠٢٠) لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو، بە شێوەی نهێنی لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان لە سێدارە دراوە.

دەوترێت سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو و ڕەچاوکردنی مافی دوادیدار لەگەڵ بنەماڵەدا جێبەجێ کراوە.

ئەمڕۆ و ڕێک دوابەدوای جێبەجێکردنی سزاکە، ژمارەیەک لە سایتەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دانپیانانی زۆرەملێی ئەم زیندانییە سیاسییەیان بڵاو کردەوە.

ئارش (سەرکەوت) ئەحمەدی، ٢٩ ساڵان و خەڵکی ڕوانسەر کە پێشتر ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان بووە، ساڵی ١٣٩٩ (٢٠٢٠) دوای جیابوونەوە لەم حیزبە و بە مەبەستی کۆچکردن بەرەو ئەورووپا لە هەرێمی کوردستانەوە گەڕایەوە بۆ ناو ئێران، بەڵام لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە شاری ورمێ دەستبەسەر کرا.

قەرارگای نەجەفی ئەشرەفی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە ڕێکەوتی ٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٩دا (٢٢ی ژانڤییەی ٢٠٢١) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییەی لە ناو خاکی ئێراندا بڵاو کردەوە. هیچ زانیارییەک لەسەر ڕەوتی دادگاییکردنی ئەم زیندانییە سیاسییەلە بەردەستدا نییە، بەڵام وا ڕاگەیەنراوە کە تۆمەتەکانی بریتی بوون لە «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستاندا و «کوشتنی ئەندامێکی هێزە ئینتیزامییەکان».

بە وتەی هەندێ لە نزیکانی ئەم زیندانییە سیاسییە، ناوبراو چەندین مانگ دوای دەستبەسەربوون لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کرماشاندا بووە و خراوەتە ژێر ئەشکەنجەی قورسەوە تاکوو تۆمەتە هەڵبەستراوەکان قبووڵ بکات و بە زۆر دان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.

ئارش (سەرکەوت) ئەحمەدی لە مافی پارێزەری دیاریکراوی خۆیشی بێبەش کرابوو.