هێمن مستەفایی، زیندانیی مەحکووم بە ئێعدام کە لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەر (١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) و لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ناو زیندانی ناوەندیی سنەدا لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە بەندکراواندا ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو، ڕۆژی ڕابردوو گەڕێنراوەتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە.

دەوترێت بە فەرمانی محەممەد جەباری، داواکاری گشتیی سنە، دۆسیەی ژمارەیەک لە بەندکراوان و لەوانە هێمن مستەفایی بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانیان نێردراوەتە بەردەم نووسینگەی ئیجرای ئەحکام و هەردەم مەترسیی جێبەجێکردنی خێرای سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە لە ئارادایە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ١٠ی ڕەشەمە (١ی مارس) هێمن مستەفایی، زیندانیی مەحکووم بە ئێعدام، دوای ٥ مانگ مانەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا گەڕێنراوەتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە. ئەم بەندکراوە لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەردا (١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) و دوابەدوای ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی زیندانییانی زیندانی سنە کە ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی قورسی هێزەکانی گاردی زیندان بوویەوە، ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.

ناوبراو لەم ماوەیەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە قورسی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی دراوە و مۆڵەتی دیداری بنەماڵەیشی پێ نەدراوە. هێمن موستەفایی لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا و وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست بەردەوامبوونی مانەوەی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا مانی لە خواردن گرتبوو.

هێمن مسته‌فایی، له‌دایكبووی ساڵی ١٣٦٨ (١٩٨٩) و دانیشتووی شارۆچکەی «کانی دینار»ی سه‌ربه‌ شاری مه‌ریوان‌، له‌ ڕێكه‌وتی ١١ی ڕه‌شه‌مەی ١٣٩١دا (١ی مارسی ٢٠١٣) به‌ تۆمه‌تی كوشتنی به‌ئه‌نقه‌ستی ئەندامێکی پێشووی سپای پاسداران به‌ ناوی ئێبراهیم محه‌ممه‌دی له‌ مه‌ریوان ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و ڕه‌وانه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی شاری سنه‌ كرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم بەندکراوە، ناوبراو له‌ ماوه‌ی لێپرسینه‌وه‌کان و‌ لەژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی سه‌ختی جه‌سته‌یی و ڕۆحیدا بە ناچار كوشتنی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سپای گرتووەتە ئەستۆ و لەژێر هەڕەشە و بەڵێنی لێپرسەوە ئەمنییەکاندا ئامادە بووە سیناریۆ پێشوەختەکەی لێپرسەوەکان قبووڵ بکات.

له‌م دۆسیه‌یەدا سێ هاووڵاتیی دیكه‌ی مه‌ریوانی به‌ ناوه‌كانی به‌یان كاكا‌یی، هیوا دادئافه‌رین و خه‌لیل شێرزادی به‌ تۆمه‌تی به‌شداریکردن له‌ کوشتنەکه‌دا ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون. تەلەڤیزیۆنی پرێس تیڤی له‌ ٩ی به‌فرانباری ساڵی ١٣٩٢دا (٣٠ی دێسامبری ٢٠١٣) به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی دێكۆمێنتارییەک به‌ ناوی «سووژەی هاوبەش» دانپێدانانی زۆره‌ملێێ ئه‌م چوار زیندانییه‌ی بڵاو كرده‌وه‌.

هێمن مسته‌فایی پێش ده‌ستبه‌سه‌رکران ماوه‌یه‌ك ئه‌ندامی یه‌كێك له‌ حیز‌به‌ كوردییه‌كان بووە، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌كی كورت وازی لەو حیزبە هێناوە و دوای هەماهەنگیکردن لەگەڵ ئیداره‌ ئیتلاعاتدا گه‌راوەته‌وه بۆ‌ مه‌ریوان.

هێمن مسته‌فایی سه‌ره‌تا له‌ دادگای كه‌یفه‌ریی سنه‌دا به‌ تۆمه‌تی «هه‌ڵگرتنی چەک»‌ سزای چوار ساڵ بەندکران و بە تۆمه‌تی «كوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست»یش سزای لەسێدارەدان (قه‌ساسی نەفس)ی به‌سه‌ردا سه‌پا. هه‌رچه‌ند ئیداره‌ی ئیتلاعات و سپا داوایان کردبوو دۆسیه‌یه‌كیش به‌ تۆمه‌تی «موحارەبە» بۆ هێمن موسته‌فایی بکرێتەوە، به‌ڵام دیوانی باڵای ئێران لەبەر نه‌بوونی بەڵگەی پێویست و باوەڕپێکراو ئەم تۆمەتەی ڕەت کردبووەوە.

ئه‌م زیندانییه‌ له‌ ڕێكه‌وتی ٣١ی جۆزه‌ردانی ١٣٩٦یشدا (٢١ی ژوەنی ٢٠١٧) به‌ مه‌به‌ستی لەسێدارەدان ڕه‌وانه‌ی ژووری تاكه‌كه‌سی كرابوو، به‌ڵام دوای گردبوونەوەی ناڕه‌زاییانەی ده‌یان چالاكی مه‌ده‌نی و هاووڵاتییانی سنه‌، ڕەزامەندیی‌ بنه‌ماڵه‌ی كوژراوه‌كه‌ وه‌رگیرا و هەر بۆیە جێبه‌جێكرانی حوکمەكه‌ به‌ شێوه‌ی كاتی ڕاگیرا.