ڕۆژێک دوای گواستنەوەی مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام بۆ ژووری تاکەکەسی، بنەماڵەکەی بۆ دوادیدار بانگهێشتی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بنەماڵەی مەحیەدین ئیبراهیمی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی ڕەشەمە (١٦ی مارس) لە زیندانی ورمێ دیداریان لەگەڵ ئەم زیندانییە سیاسییەدا کردووە و پێیان ڕاگەیەنراوە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا کوڕەکەیان لە سێدارە دەدرێت.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە گواستنەوەی مەحیەدین ئیبراهیمی بۆ ژووری تاکەکەسی و دوادیداری بنەماڵەکەی نیشانەی جێبەجێکردنی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییەیە، هەر بۆیە لە ڕای گشتی، ڕێکخراوە داکۆکیکارەکان لە مافەکانی مرۆڤ و ڕاگەیاندنەکان داوا دەکات بە مەبەستی دروستکردنی گوشاری ناوخۆیی و دەرەکی بۆ ڕاگیرانی ئەم حکومە هەنگاوی پێویست و خێرا هەڵبگرن.

مەحیەدین ئیبراهیمی سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەشەمە (١٥ی مارس) بە بیانووی ناردن بۆ دادگا لە لایەن یاریدەری زیندانەوە بانگهێشتی بەردەم نووسینگەی پاسەوانی کراوە و دوای ئامادەبوونی لە بەردەم پاسەوانیی ناوخۆدا، هێزەکانی زیندان گواستوویانەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی. هاوکات لانیکەم ٥ بەندکراوی دیکەیش کە بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، لە بەندەکانی ٤ و ٦ی ئەم زیندانەوە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراون، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ناونیشانی ئەم زیندانییانە بەردەست نەکەوتووە.

مەحیەدین ئیبراهیمی ٤٣ ساڵان، خێزاندار و خەڵکی شنۆ، لە ڕێکەوتی ١٢ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٦دا (٣ی نۆڤامبری ٢٠١٧) لە گوندێکی شاری شنۆ بە تەقەی هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران بریندار و دەستبەسەر کرا و پاشان گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە پادگانی ئەلمەهدیی ورمێ و بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا» خرایە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدانی قورسەوە.

دادگای ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٩٧دا (٣٠ی ئاگۆستی ٢٠١٨) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو و بەبێ پارێزەری دیاریکراوی خۆی بەڕێوە چوو و ڕۆژی یەکی ڕەزبەر (٢٣ی سێپتامبری ٢٠١٨) لە زینداندا بە ڕەسمی پێی ڕاگەیەنرا کە بە تۆمەتی «بەغی» حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەر چووە.

ئەم حوکمە دوای تانەلێدان نێردرایە بەردەم لقی ١٩ی دیوانی باڵای ئێران و لەبەر «ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان» هەڵوەشێنرایەوە و سەرلەنوێ نێردرایەوە بۆ بەردەم لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ. ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ دووهەم جار لە بەفرانباری ١٣٩٨دا (ژانوییەی ٢٠١٩) لە لایەن ئەم دادگایەوە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپایەوە.

مەحیەدین ئیبراهیمی پێشتریش لە ساڵی ١٣٨٩دا (٢٠١٠) بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ١٤ مانگ بەندکران لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

شایانی باسە کە برایەکی ئەم زیندانییە سیاسییە بە ناوی نوورەدین ئیبراهیمی لە ساڵی ١٣٩٦ (٢٠١٧) و لە کاتی کۆڵبەریدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و گیانی لەدەست دا.