بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٦ی ڕەشەمە (١٧ی مارس) سزای لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسیی کورد مەحیەدین ئیبراهیمی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا. هاوکات چوار هاووڵاتیی تریش بە ناوەکانی ياسين ڕەشيدی، جەهانبەخش ڕادلوویی، سەلیم (محەممەد) ئەیووبیان و فرووهەر (عەشی) عەباس‌نژاد کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لەم زیندانەدا لە سێدارە دران.
مەحیەدین ئیبراهیمی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەشەمە (١٥ی ڕەشەمە) لە بەندی زیندانییانی سیاسییەوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو و ڕۆژی پێنجشەممە توانیبووی دوادیدار لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بکات. ئەو لەم دیدارەدا دیسان جەختی کردبۆوە کە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەتەواوی نادادپەروەرانە و ناڕەوایە.

بنەماڵە و خزمانی مەحیەدین ئیبراهیمی و ئەو زیندانییانەی تر کە برابوونە ژووری تاکەکەسی، لە ڕۆژێک پێشترەوە بە مەبەستی ڕاگرتنی حوکمی لەسێدارەدانی ئازیزەکانیان لە بەردەم زیندانی ناوەندیی ورمێ کۆ ببوونەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزەکانی زیندان هەندێ لە ئەندامانی ئەو بنەماڵانەیان، لەوانە کوڕەکەی مەحیەدین ئیبراهیمی، دابووە بەر لێدان و بۆ ماوەیەک دەستبەسەریان کردبوون.

دوای لەسێدارەدانی مەحیەدین ئیبراهیمی و سەرەڕای ئامادەبوونی بنەماڵەکەی لە بەردەم زیندانەکەدا، بە هۆی ڕێگریکردنی دامودەزگا ئەمنییەکانەوە تا ئێستا تەرمەکەی ڕادەستی ئەوان نەکراوەتەوە.

مەحیەدین ئیبراهیمی ٤٣ ساڵان، خێزاندار، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی شنۆ، لە ڕێکەوتی ١٢ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٦ (٣ی نۆڤامبری ٢٠١٧) لە کاتی کۆڵبەریدا لە ناوچە سنوورییەکانی شاری شنۆی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان بریندار و دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی شنۆ گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە پادگانی ئەلمەهدیی ورمێ و بە تۆمەتی «هەڵگرتنی چەکوچۆڵ» و «ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا» بۆ ماوەی چەندین مانگ لەم دەستبەسەرگەیەدا خرایە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدانی قورسەوە.

کەسێکی نزیک لەم زیندانییە سیاسییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە ڕێکەوتی ١٢ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٦دا (٣ی نۆڤامبری ٢٠١٧) مەحیەدین ئیبراهیمی بە دوو ئەسبەوە کە چوار کارتۆن خواردنەوەی ئەلکولییان لێ بار کرابوو، لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان شنۆ و هەرێمی کوردستاندا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی یەکەی سنوورپارێز و بریندار بوو. هاوکات و لە هەمان ناوچەدا گرووپێکی چەکدار کە باری چەکوچۆڵیان پێ بووە دوای بینینی یەکەی سنوورپارێز هەڵدێن و ئەو هێزانە دەست بەسەر ئەسبەکانیاندا دەگرن».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سپای پاسداران بەبێ هیچ بەڵگەیەک ئەو بارە چەکوچۆڵەیان خستبووە ئەستۆی مەحیەدین ئیبراهیمی، لە حاڵێکدا کە بارەکە لە شوێنێکی دوورتردا دۆزرابوویەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە سەرجەم قۆناغەکانی لێپرسینەوەدا و دادگادا ئیدیعاکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی بە درۆ خستبۆوە. مەحیەدین ئیبراهیمی لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٩٧دا (٣٠ی ئاگۆستی ٢٠١٨) لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو و بەبێ پارێزەری دیاریکراوی خۆی، بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

ئەم حوکمە دوای تانەلێدان نێردرایە بەردەم لقی ١٩ی دیوانی باڵای ئێران و لەبەر «ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان» هەڵوەشێنرایەوە و سەرلەنوێ نێردرایەوە بۆ بەردەم لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ.

ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ دووهەم جار لە بەفرانباری ١٣٩٨دا (ژانڤییەی ٢٠١٩) لە لایەن ئەم دادگایەوە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپایەوە و لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە. دیوانی باڵا ساڵی پێشوو داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی مەحیەدین ئیبراهیمیی ڕەت کردبۆوە.

مەحیەدین ئیبراهیمی پێشتریش لە ساڵی ١٣٨٩دا (٢٠١٠) بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ١٤ مانگ بەندکران لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

برایەکی ئەم زیندانییە سیاسییەیش بە ناوی نوورەدین ئیبراهیمی لە ساڵی ١٣٩٦ (٢٠١٧) و لە کاتی کۆڵبەریدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و گیانی لەدەست دا. بەڵام دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ڕەوتی لێپرسینەوە و دادگاییکردنی مەحیەدین ئیبراهیمی و لە درۆیەکی ئاشکرادا ڕایگەیاندبوو کە براکەی لە ئەندامانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بووە و لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی شنۆ کوژرانی نوورەدین ئیبراهیمی لە کاتی کۆڵبەریدا و بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران پشتڕاست دەکەنەوە و تەنانەت هەندێ لە بەرپرسانی دەوڵەتیی شاری شنۆیش لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییەکەیدا بەشدارییان کردبوو.

ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا کە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١ (١٦ی مارسی ٢٠٢٣) بڵاوی کردووەتەوە وتوویەتی لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینییەوە (٢٠٢٣) ١٣٨ کەس لە ئێراندا لە سێدارە دراون. بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوەیە، لانیکەم ١٠٧ کەس لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەش لە بەردەم هەڕەشەی سەپاندنی سزای لەسێدارەداندان.