بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١ی جۆزەردان (٢٢ی مەی) هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی «سەراو باخ»ی شاری ئاودانانی پارێزگای ئیلام بە ناوی ناسر ڕەزایی، لە ترمیناڵی شاری ئەهوازی باشووری ئێراندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەم هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێلوڕانی ئیلام کراوە. ناسر ڕەزایی ڕۆژی دووشەممە و لە حاڵێکدا کە ئاسەواری ئەشکەنجە لەسەر جەستەی دیار بووە، براوەتە دادگوستەریی ئیلام و دوای ڕاگەیاندنی تۆمەتەکان گەڕاندوویانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات.

لە چەند مانگی ڕابردوو و لە ڕەوتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا بە دەیان هاووڵاتی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کراون و دوای چەندین حەفتە لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراون.