پەیمان گەڵوانی، هاووڵاتیی ٢٤ ساڵانی خەڵکی مەهاباد کە لە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕدا (٢٥ی ژوەن) بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و گوازرابوویەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، لەژێر ئەشکەنجەی لێپرسەوە ئەمنییەکاندا گیانی لە دەست داوە.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئەمە دووهەم حاڵەتی کوشتنی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراوی کوردە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا؛ ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەڕیش (٨ی جولای) لێپرسەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ دوای بانگهێشتکردنی بنەماڵەی مووسا ئیسماعیلی، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار، پێیان ڕاگەیاندبوون کە ئەم هاووڵاتییە لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییەدا گیانی لە دەست داوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی پووشپەڕ (٥ی جولای) ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە بە هۆی ئاستی کەمی هۆشیارییەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومەینیی ئەم شارە کرابوو. پەیمان گەڵوانی ڕۆژی ڕابردوو ١٨ی پووشپەڕ (٩ی جولای) بە هۆی سەختیی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

دوای گواستنەوەی ئەم هاووڵاتییە بۆ نەخۆشخانە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات پێوەندییان بە بنەماڵەکەیەوە کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە منداڵەکەیان بە هۆی «داکەوتن لە بەرزاییەوە» بریندار بووە و براوەتە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ. بنەماڵەکەی خۆیان دەگەیەننە نەخۆشخانە و دوای پێداگرییەکی زۆر سەراەنجام دەتوانن بۆ چەند خولەکێک چاویان بە منداڵەکەیان بکەوێت. بنەماڵەکەی لەم دیدارەدا ئاسەواری شینبوونەوەیان بەسەر لەشی پەیمانەوە بینیوە.

دەوترێت ئەو هێزە ئەمنییانەی لە نەخۆشخانەدا جێگیر کرابوون دەست و پێی ئەم هاووڵاتییەیان بەستبوو بە تەختەکەوە. 

پەیمان گەڵوانی ڕۆژی ڕابردوو بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا و تەرمەکەی تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە. بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە وێرای ڕەتکردنەوەی بانگەشەکانی هێزە ئەمنییەکان، ڕایانگەیاندووە کە منداڵەکەیان لە ژێر ئەشکەنجە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا گیانی لە دەست داوە.

پەیمان گەڵوانی، ٢٤ ساڵان و خەڵکی مەهاباد کە نزیکەی ٧ مانگ لەمەوپێش هاوسەرگیریی کردبوو، ڕۆژی ٤ی پووشپەڕ (٢٥ی ژوەن) بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیاندا دەستبەسەر کرابوو و گوازرابوویەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.

دەوترێت ئەم هاووڵاتییە نزیکەی ٣ ساڵ لەمەوپێش چەند مانگێک ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بووە و دوای وازهێنان لەو حیزبە و وەرگرتنی ئەماننامە، گەڕابوویەوە بۆ مەهاباد.