سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ٦ی سەرماوەز (٢٧ی نۆڤامبەر) لانیکەم سێ بەندکراو کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کراون. ناسنامەی دوان لەم زیندانیانە ئێقباڵ لاهووری و موحسین ئەمرایی ڕاگەیەنراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ٦ی سەرماوەز (٢٧ی نۆڤامبەر) لانیکەم سێ بەندکراوی مەحکووم بە ئێعدام بە مەبەستی لەسێدارەدان لە بەشی ٢ی زیندانی قزلحەساری کەرەجەوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراون.

ئێقباڵ لاهووری، خەڵکی ئیلام و موحسین ئەمرایی، خەڵکی کووهدەشتی پارێزگای لوڕستان، نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش لە دۆسیەیەکی هابەشدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کران و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامەی سێهەم زیندانییەکە بەردەست نەکەوتووە.