ڕۆژی سێشەممە ٥ی بەفرانبار (٢٦ی دیسامبەر) داوود عەبدوڵڵاهی، زیندانیی مەزهەبیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، دوای ١٤ ساڵ بەندکران بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کراوە. سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە مەزهەبییە پێشتر پەسەند کراوە، هەر بۆیە ئێستە مەترسیی دەسبەجێ لەسێدارەدانی لە ئارادایە.

لە دوو مانگی ڕابردوودا دوو هاودۆسیەی دیکەی ئەم زیندانییە بە ناوەکانی قاسم ئابستە و ئەیوب کەریمی لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە دراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە نیوەڕۆی ٥ی بەفرانبار (٢٦ی دیسامبەر) داوود عەبدوڵڵاهی، زیندانیی مەزهەبیی مەحکووم بە ئێعدام، بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کراوە.

دەوترێت سزای لەسێدارەدانی ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژانی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەزدا (٣٠ی نۆڤامبەر) بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک باسی لە مەترسیی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە مەزهەبییە و ٤ هاودۆسیەکەی تری بە ناوەکانی ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت و فەرهاد سەلیمی کردبوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دۆسیەی ئەم ٥ زیندانییە نێردراوەتە بەشی جێبەجێکردنی سزاکان و دامودەزگا ئەمنییەکان داوایان لە بەرپرسانی زیندانی قزلحەسار کردووە هەر پێنج کەسەکەیان لە کورتترین ماوەی مومکیندا لە سێدارە بدەن.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٩دا (٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٠) لقی ٣٨ی دیوانی باڵای ئێران داواکاریی دادگاییکردنەوەی دووبارەی ئەم زیندانییە مەزهەبییانەی ڕەت کردبووەوە.

داوود عەبدوڵڵاهی لەگەڵ ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت، فەرهاد سەلیمی، ئەیوب کەریمی و قاسم ئابستە لە مەودای نێوان ناوەڕاستی سەرماوەز تا سەرەتای ڕێبەندانی ١٣٨٨دا (دێسامبەری ٢٠٠٩ تا ژانڤییەی ٢٠١٠) لە شارەکانی سەقز و مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە بۆ ماوەی چەندین مانگ لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرانە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا، ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە ڕەوانەی زیندانی ئێڤینی تاران کران و بۆ ماوەی ٦ مانگیش لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندەکانی ٢٤٠ و ٢٠٩ی ئەم زیندانەدا خرانە ژێر لێپرسینەوە. ئەم بەندکراوانە ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩١ (١٣ی ئاوریلی ٢٠١٢) گوازرانەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

لانیکەم ٤ کەس لەم زیندانیانە لە ساڵانی ڕابردوودا بە بڵاوکردنەوەی نامەی سەرئاوەڵا باسیان لە ئەشکەنجەدانی خۆیان لە قۆناغی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا کردووە.

لە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٣٩٤دا (مارسی ٢٠١٦) ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە بە هەندێ تۆمەتی وەک «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»، «ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکاندا» و «افساد فی‌الارض» لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە دادگایی کران و ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ (٢٥ی مەیی ٢٠١٦) بە فەرمی پێیان ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم دیوانی باڵای ئێران و لە کۆتایی ١٣٩٥دا (٢٠١٧) حوکمەکە هەڵوەشایەوە.

دوای هەناردنی دۆسیەکە بۆ لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا (مەیی ٢٠١٨) ئەم ٧ زیندانییە جارێکی تر بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپایەوە. دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران و لە ڕێبەندانی ١٣٩٨دا (ژانڤییەی ٢٠٢٠) وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای داخستن و چۆڵکردنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج گوازرانەوە بۆ زیندانی قزلحەسار.