مەسعوود شەمس‌نژاد، پارێزەری پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار، چوار زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، ڕایگەیاند کە داوای دادگاییکردنەوەی دووبارەی پارێزوانەکانی لە دیوانی باڵای ئێراندا ڕەت کراوەتەوە.

ئەم پارێزەرە یاساییە ئەمڕۆ لە لاپەڕەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا (تویتەری پێشوو) نووسیویەتی: «دوای ئەوەی وەک پارێزەری پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار داواکاریی دادگاییکردنەوەی دووبارەم لە دیوانی باڵای ئێراندا تۆمار کرد، داواکارییەکە تەنها لەبەر ئەوەی دادنامەی دادگای سەرەتا و قۆناغی تێهەڵچوونەوەی لەگەڵدا نەبووە، لە لایەن دیوانی باڵاوە ڕەت کرایەوە. زۆربەی کات لە دۆسیە ئەمنییەکاندا دادنامەکان ڕادەستی پارێزەران ناکرێتەوە».

مەسعوود شەمس‌نژاد پێشتریش وێرای وێناکردنی پرۆسەی دادگاییکردن و سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پارێزوانەکانیدا وەک کارێکی «نادادپەروەرانە» و «دوور لە ئینساف»، وتبووی: «لە کاتێکەوە ئەرکی پارێزەریی بنەماڵەکانی ئەم چوار زیندانییەم قبووڵ کردووە، بە داخەوە نە پارێزوانەکانم لە مافەکانی خۆیان بەهرەمەند بوون و نە منیش، پارێزەریی من تەنها لەسەر کاغەز بووە و هەموو هەڵات هەڵاتەکانم بێئەنجام ماوەتەوە».

ئەم پارێزەرە یاساییە سەرەڕای هەموو ڕێگرە یاساییەکان کە بە هۆی مۆڵەتنەدانەوە بە خوێندنەوەی دۆسیەی پارێزەرەکانی هاتووەتە سەر ڕێی، هەروەها بەو هیوایە کە سزاکە ڕابگیرێت و لێکۆڵینەوەی دووبارە بۆ دۆسیەکە بکرێت، ڕۆژی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٢ (٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) داوای دادگاییکردنەوەی دووبارەی لە دیوانی باڵای ئێراندا تۆمار کرد.

پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار کە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا ڕووبەڕووی سیاسەتی «بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ» بوونەتەوە و دیار نییە لە کامە شوێندا بەند کراون، لە مافی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵە و بەهرەمەندبوون لە پارێزەری دیاریکراوی خۆیان بێبەش کراون.

ئەم چوار ئەندامەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕۆژی ١ی گەلاوێژی ١٤٠١ (٢٣ی جولایی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە گوندێکی ورمێ دەستبەسەر کران و بنەماڵە و پارێزەرەکەیان نەتەنها تا ئێستا هیچ پێوەندی و دیدارێکیان لەگەڵیاندا نەکردووە، بەڵکوو تەنانەت ناشزانن لە کام زینداندا ڕاگیراون.

دوای ئەوەی دانپیانی زۆرەملێی ئەم زیندانییە سیاسییانە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرلەنوێ لە تەلەڤیزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاو کرایەوە و بوو بە مایەی پەرەسەندنی ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەیان، ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکانیان لە ڕێکەوتی ٢٤ی بەفرانباردا (١٤ی ژانڤییە) لە بەردەم زیندانی ئێڤیندا گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییانەیان بەڕێوە برد.