موتەلیب ئەحمەدیان، زیندانیی سیاسیی کورد کە بە هۆی تووشبوونەوە بە نەخۆشیی فتقی دیافراگم (Diaphragmatic hernia) و ڕژێنەی ئەسناعەشەر لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپدایە، تا ئێستایش لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پسپۆڕانەی پزیشکی و هەروەها هەناردن بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان بێبەش کراوە. سەرەڕای ڕاسپاردە و هۆشداریدانی پزیشکەکان لەمەڕ دۆخی تەندروستیی ئەم زیندانییە سیاسییە، بەڵام داواکاری گشتیی تاران تا ئێستا ئامادە نەبووە مۆڵەتی هەناردنی موتەلیب بۆ نەخۆشخانە واژۆ بکات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەم زیندانییە سیاسییە چەندین جار تووشی خوێنڕشانەوەی قورس بووە و دوای هەناردن بۆ نەخۆشخانەکەی زیندان و وەرگرتنی حەبی ئارامکەرەوە، گەڕاندوویانەتەوە بۆ ناو بەند.

هەبوونی ڕژێنەی ئەسناعەشەر لە کۆئەندامی هەرسدا و خوێنڕشانەوەی قورس بووەتە هۆی ئەوەی کە کێشی ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ کەمتر لە ٣٥ کیلۆ دابەزێت.

موتەلیب ئەحمەدیان تووشی نەخۆشییەکانی فتقی دیافراگم (Diaphragmatic hernia)، ڕژێنەی ئەسناعەشەر و تەنگبوونەوەی کەناڵی مرۆخە بووە، بەڵام بەرپرسانی زیندانی ئێڤین پێیان ڕاگەیاندووە کە هەموو بەڵگەنامە و دوسیە پزیشکییەکانی کە لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجدا تۆمار کراون، لە بایەخ کەوتوون و دەبێ جارێکی تر و دوای دەرکردنی مۆڵەت لە لایەن داواکاری گشتیی تارانەوە، ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکان بکرێت و دوای پێکهێنانی دۆسیەی پێویست، پزیشکیی داد لەسەر نەشتەرگەری و قۆناغەکانی تری دەرمان بڕیار بدات.

بەرپرسانی زیندانی ئێڤین هەروەها پێیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر پزیشکیی دادیش بڕیاری هەناردن بدات، سەرجەم تێچووەکانی نەشتەرگەری و دەرمان لە ئەستۆی خودی ئەم زیندانییە سیاسییەدا دەبێت و دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری یەکسەر دەگەڕێنرێتەوە بۆ زیندان تاکوو قۆناغی چاکبوونەوە لە زینداندا بباتە سەر. ئەمە لە حاڵێکدایە کە پزیشکەکان ڕایانگەیاندووە کە قۆناغی چاکبوونەوەی زیاتر لە ٦ مانگ دەخایەنێت و بە لەبەرچاوگرتنی ئیمکانە بەرکورتە پزیشکییەکان و زۆربوونی ڕێژەی بەندکراوان، مانەوەی لە زینداندا مەترسیدارە.

ئەم زیندانییە سیاسییە کە پێشتر بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەگەڵ نەخۆشیی ئارکیتیسدا (ئیلتیهابی کۆئەندامی زاوزێ) دەستەویەخە بوو، لە سەرماوەزی ١٤٠١دا (دێسامبری ٢٠٢٢) لە ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوەی زینداندا نەشتەرگەریی بۆ کرا و ڕۆژێک دواتر بەبێ تەواوکردنی قۆناغەکانی دەرمان گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شار.

موتەلیب ئەحمەدیان لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٨ (ژانڤیەی ٢٠٢٠) و لە دووتوێی نامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە بە هۆی بێبەشکرانەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی، لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپدایە. ئەم زیندانییە سیاسییە وێڕای ئاماژەدان بە ئیلتیهابی کۆئەندامی زاوزێ و شکانی سێ مۆرەی بڕبڕەی پشتی لەژێر ئەشکەنجەکانی قۆناغی لێپرسینەوەدا، وتبووی کە هۆکاری خراپتربوونی دۆخەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دابیننەکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی لە کاتی خۆیدا و نووسیبووی: «بە داخەوە زیندان ئامادە نییە پێش و پاش نەشتەرگەری تێچووەکانی دەرمان دابین بکات، بەپێی پێڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوەی زیندانەکانی ئێران کۆی تێچووی دەرمانکردنی بەندکراوان لە ئەستۆی خودی ئەو ڕێکخراوەیەدایە، بەڵام من خۆم کۆی تێچووەکانم دابین کردووە و لەبەر ئەوەی توانای دابینکردنی پارەی زیاترم نەبوو بە ناچار وازم لە درێژەدانی پرۆسەی دەرمان هێنا».

موتەلیب ئەحمەدیان، هاووڵاتیی ٣١ ساڵانی خەڵکی بانە، ڕۆژی ١٣ی ڕەزبەری ١٣٨٩ (٥ی ئۆکتۆبری ٢٠١٠) دەستبەسەر کرا و دوای ٨ مانگ مانەوە لە دۆخی سەختی ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سەردەشت، سەقز و سنە و لەژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەییدا، بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵەدا سزای ٣٠ ساڵ بەندکران لەگەڵ دوورخستنەوەدا بۆ زیندانی مینابی بەسەردا سەپا. هەروەها لە دوو دۆسیەی دیکەیشدا بە تۆمەتی «هاتوچۆی نایاسایی لە سنوورەکانەوە» سزای یەک میلیۆن ڕیال غەرامە و ساڵێک بەندکران و بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتندا» سزای ٩ ساڵ بەندکران و پێدانی نیوەی دیەیەکی تەواو و ٢٠ میلیۆن تمەن غەرامەی پارەی بەسەردا سەپاوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە هەروەها لە دوو دۆسیەی دیکەدا بە تۆمەتی «هاتوچۆکردنی نایاسایی لە سنوورەکانەوە» سزای یەک میلیۆن ڕیال غەرامە و ساڵێک بەندکران و بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتندا» سزای ٩ ساڵ بەندکران و پێدانی نیوەی دیەی تەواو و ٢٠ میلیۆن تمەن غەرامەی پارەی بەسەردا سەپاوە.

موتەلیب ئەحمەدیان لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە زیندانەکانی سەقز، سنە، ڕەجایی شار و ئێڤیندا بووە.