شەوی یەکشەممە ٦ی جۆزەردان (٢٦ی مەی) زیندانیی سیاسیی کورد شەهرام کازمیان دوای ئەوەی لە لایەن پاسەوانەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێوە ئەشکەنجە درا، بە دەستووری سەرۆکی زیندان ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ڕازی لە شاری ورمێ کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە ساڵی ١٤٠٠ (٢٠٢١) بە هۆی تووشبوونەوە بە کۆرۆنا و چەند نەخۆشییەکی دیکە و دوای ڕەزامەندیی بەرپرسانی پێوەندیداری دەزگای دادوەری لەسەر داوای ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزاکە، بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو، بەڵام مانگێک لەمەوپێش بە مەبەستی جێبەجێکردنی پاشماوەی سزاکە سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە و گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ. لە ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا پاسەوانەکانی زیندان ئامادە نەبوون دەواودەرمانی نەخۆشییە دەروونییەکەی پێ بدەن و دەوایەکی تریان پێ دابوو، هەر بۆیە ئەویش وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست ئەم بابەتەدا، شەوی یەکشەممە ٦ی جۆزەردان (٢٦ی مەی) لە ئاودەستەکانی بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیدا هەوڵی خۆکوشتنی دا کە بە هەوڵ و یارمەتیی هاوبەندییەکان لە مردن ڕزگاری بوو و گەڕێنرایەوە بۆ ناو بەندەکە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، پاسەوانەکانی زیندان دوای ئەوەی لە هەوڵی خۆکوشتنی شەهرام کازمیان ئاگادار کرانەوە، بردیانە ناو کۆریدۆری زیندانەکە و دوای داکەندنی جلوبەرگەکەی و لێدانی کەلەبچە و پێبەند، بە باتۆم کەوتنە گیانی و زۆر بە سەختی ئەشکەنجەیان کرد. پاشانیش بە دەستووری پەیمان خانزادەی سەرۆکی زیندان ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ڕازی کرا و لەو کاتەوە بنەماڵەکەی نەیانتوانیوە هیچ دیدارێکی لەگەڵدا بکەن.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد کە بە دەستووری سەرۆکی زیندان، تەلەفۆنی بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی لە شەوی یەکشەممەوە تا ئەمڕۆ داخرابوو.

شەهرام کازمیان، چالاکی مەدەنیی خەڵکی ورمێ، ڕۆژی ١٦ی بەفرانباری ١٣٩٨ (۶ی ژانڤییەی ٢٠٢٠) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە دستبەسەر کرا و دوای ٢٧ ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕەشەمەی ١٣٩٨دا (مارسی ٢٠٢٠) لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەر و دوژمنەکاندا» بە گشتی سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە خاکەلێوەی ١٣٩٩دا (ئاوریلی ٢٠٢٠) و دوای دەرکردنی سزای بەندکران، بە بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا. سزای ٦ ساڵ بەندکرانی ئەم چالاکە مەدەنییە لە دادگای پیاچوونەوەی ورمێدا وەک خۆی پەسەند کرایەوە، بەڵام دواتر دیوانی باڵای ئێران ماوەی سزاکەی کەم کردوەوە بۆ ٣ ساڵ بەندکران و لە بەفرانباری ١٣٩٩دا (ژانڤییەی ٢٠٢١) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندان کرا.

شەهرام کازمیان لە خەرمانانی ١٤٠٠دا (سێپتامبەری ٢٠٢١) تووشی کۆرۆنا و چەند نەخۆشییەکی سەختی دیکە بوو و دوای ڕەزامەندیی داواکاری گشتیی ورمێ بۆ داوای ڕاگرتنی کاتیی سزاکە، بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.