کەمال لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە دێولان، ڕۆژی ڕابردوو دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەم هاووڵاتییە دادخوازە پێشتریش لە خاکەلێوەی ١٤٠٢دا (ئاوریلی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای چەند مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کەمال لوتفی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوە (٩ی ئاوریل) دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی قوروە دەستبەسەر کراوە.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

کەمال لوتفی یەکەم جار ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (١٦ی ئاوریلی ٢٠٢٣) لە شەقامێکی دێولاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی کامێران کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ٢٨ی گوڵانی ١٤٠٢دا (١٨ی مەیی ٢٠٢٣) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بەردەوامبوونی مانەوە لە زیندانی کامێراندا، بۆ ماوەی چەند حەفتەیەک مانی لە خواردن گرت و دوای ٨٧ ڕۆژ بەندکران لە ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢دا (٣ جولایی ٢٠٢٣) بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرا.

لە کۆتاییەکانی گەڵاڕێزانی ١٤٠٢دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٣) ئەم باوکە دادخوازە بۆ کۆبوونەوەی دادگا بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی دێولانەوە بانگهێشت کرابوو.

کەمال لوتفی باوکی ڕەزا لوتفییە کە ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ (١٩ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دێولاندا بە دەسڕێژی هێزەکانی یەکەی تایبەت کوژرا.

دوای کوژرانی ئەم لاوە کوردە، بنەماڵەکەی کەوتنە ژێر هەڕەشە و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانەوە تاکوو لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا بڵێن کە کوڕەکەیان بە دەستی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان کوژراوە.

دوابەدوای بەردەوامبوونی هەڕەشە و گوشارەکان، کەمال لوتفیی باوکی ڕەزا لوتفی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە کوڕەکەی بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە.